له رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا سێ كه‌س به رێژه‌ی جیاواز سووتان
K24- هه‌ریر:
له گوندێكی سه‌ر به ناحیه‌ی هه‌ریر له سنووری قه‌زای شه‌قڵاوه، به‌هۆی رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه، 3 ئه‌ندامی یه‌ك خێزان به رێژه‌ی جیاواز سووتان و به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كران.
د. مزه‌فه‌ر ئه‌حمه‌د باڵه‌ك، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی هه‌ریر به كوردستان24ی راگه‌یاند، قوربانیان له ئافره‌تێك، منداڵێكی ته‌مه‌ن نزیكه‌ی 9 ساڵان و گه‌نجێك پێكهاتوون و خه‌ڵكی گوندی ئارمه‌ندانی سه‌ر به سنووری هه‌ریرن.
گوتیشی: جه‌سته‌ی گه‌نجه‌كه به رێژه‌ی 30% سووتاوه و ئافره‌ته‌كه‌ش رێژه‌ی سووتانی نزیكه‌ی 20% ده‌بێت، به‌ڵام منداڵه‌كه رێژه‌ی سووتانی به‌رزه و ده‌گاته 70%.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی رووداوه‌كه‌ش، سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، ئاگره‌كه له‌كاتێكدا روویداوه، كه سۆنده‌ی غازی ته‌باخی ئه‌و ماڵه ته‌قیبوو و غازێكی زۆر دزه‌ی كردبوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانن، كاتێك هه‌وڵیانداوه ئاگری ته‌باخه‌كه داگیرسێنن، به‌هۆی پڕبوونی ژووره‌كه له غاز، ئاگرێكی كتوپڕ و گه‌وره ته‌واوی ژووره‌كه‌ی داگرتووه، به‌وهۆیه‌شه‌وه ئه‌و سێ هاووڵاتییه سووتاون.
H.B