هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: له‌هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین

"لەناوبردنی داعش له عێراق کاری لەپێشینەمانه"
676765
676765

K24- هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش كه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 11ـی ئایار / مایۆی 2022) له‌ مه‌راكشی پایته‌ختی مه‌غریب به‌ ئاماده‌بوونی 83 وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، كۆتایی هات و راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به‌ داعش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاند، هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەری دژ بە داعش بەردەوام دەبن.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، کاری لە پێشینەیان لەناوبردنی یەکجاری هەرەشەکانی داعشە لە عێراق و سووریا، بۆ ئەو مەبەستە هاوکاری هێزە یاسایی و فەرمیەکانی عێراق و سوریا دەکەن.

هه‌روه‌ها ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن، لە سووریاش هاوکاری هێزە خۆجێییەکان دەکەن.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی مەغریب و نوێنەری ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بەرێوەچوو، نوێنەری وڵاتانی ئەندام له‌ هاوپەیمانیەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

بۆ یەکەمجارە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە وڵاتێکی ئەفریقی بەرێوەدەچێت.