کێشه‌ی تووڕه‌یی و تووندوتیژیی
کێشه‌ی تووڕه‌یی و تووندوتیژی، یه‌کێکه له کێشه هه‌ره گه‌وره‌کانی مرۆڤایه‌تیی له جیهاندا. ئه‌وه‌ی من ئێستا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌م، بابه‌تێکی قووڵی به‌رده‌وام قسه له‌سه‌ر کراو و قسه له‌سه‌ر کردنه. بابه‌تێکه، که هه‌میشه ده‌مانجوڵێنێت بۆ بیرکردنه‌وه له باشه و خراپه‌ی مرۆڤ. بابه‌تێك بۆ قووتکردنه‌وه‌ی پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئاخۆ مرۆڤ له سروشته‌وه بوونه‌وه‌رێکی باشه یان خراپ. هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ش له رێگه‌ی ئه‌زموون و توێژینه‌وه‌وه وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه. به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له کوشتنی قابیل له‌لایه‌ن هابیله‌وه هه‌تا نوێتریین کاره‌سات له جه‌نگی ئۆکرانیا و رووسیادا، هه‌تا نوێتریین کاره‌سات له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا.
له رێکه‌وتی 24.4.2022 دا باوه‌ژنێك له گه‌ڕه‌کی 11ی ئازاری سه‌ر به ناحیه‌ی که‌سنه‌زان، کچێکی 17 ساڵه‌ی مێرده‌که‌ی ده‌سووتێنێت و له ئاکامی سووتانێکی زۆری جه‌سته‌یدا، له‌دوای 15 رۆژ کچه‌که ده‌مرێت. هه‌ر به ته‌نها ئه‌مه نا، به‌ڵکو له ده رۆژی یه‌که‌می مانگی ئایاری ساڵی 2022 دا چه‌ندین کاره‌ساتی شۆکهێنه‌ر روویاندا. له رێکه‌وتی 10.5.2022 له دهۆك پیاوێك ژنه‌که‌ی به وایه‌ری کاره‌با ده‌خنکێنێت. له رێکه‌وتی 2.5.2022 هه‌واڵێکی دڵته‌زێن هه‌موو هاووڵاتییانی کوردی له باشووری کوردستاندا راچڵه‌کاند. زاوایه‌ك له چه‌مچه‌ماڵ هه‌ڵده‌کووتێته سه‌ر ماڵی خه‌زووری و چوار ئه‌ندامی خێزانه‌که ده‌کوژێت. دوو خوشك، برایه‌ك و برازایه‌ك ده‌کوژێت و دوو که‌سی دیكه‌ش بریندار ده‌بن. ئه‌م بکووژه ته‌قه له ماڵی برایه‌کی دیكه‌ی ئه‌م دوو خوشك و برایه ده‌کات، به‌ڵام له‌وێ هیچ زیانێکی رۆحیی ناکه‌وێته‌وه.
کاره‌ساتی ناو ئه‌م کاره‌ساته ئه‌وه‌یه، که بکوژه‌که نه‌قیبه له به‌رگریی فریاکه‌وتن له وه‌زاره‌تی ناوخۆ. ئه‌م بکوژه، پێشتر باوه‌ژن و خوشکه‌زایه‌کی خۆی و که‌سێکی دیكه‌ی کوشتووه. واتا ئه‌م بکوژه هه‌تا ئێستا هه‌شت مرۆڤی به ئاشکرا کوشتووه و هه‌تا ئێستاش هه‌ر نه‌قیبه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ چه‌ندی دیكه‌ی له نادیاریدا کوشتووه؟ پرسیارێکی ناو ئه‌م تووڕه‌یی و تووندوتیژییه ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئه‌م نه‌قیبه بۆچی وه‌ها ئاسان مرۆڤ ده‌کوژێت؟
وه‌ڵام: با لێره‌دا کات بده‌ینه خۆمان و به‌دوای راستیی تووڕه‌یی و توندوتیژیی ئه‌م نه‌قیبه‌دا بگه‌ڕێین. به‌شێك له فه‌یله‌سووفان ده‌ڵێن: مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه، هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن: مرۆڤ له سروشته‌وه باشه و په‌روه‌رده و باروودۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خراپی ده‌که‌ن. مرۆڤایه‌تیی ئه‌م هه‌موو جه‌نگ و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی له مێژووی خۆیدا هه‌یه، که‌چی دوای ئه‌م هه‌موو ئه‌زموونه ناشیریینانه له ئێستادا نوێتریین جه‌نگ جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵکردووه، که جه‌نگی داگیرکاریی رووسیایه له ئۆکرانیا. ترسی گه‌وره‌ی جیهان جه‌نگێکی ئه‌تۆمییه، که له رێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت گه‌وره‌تریین زیان به هه‌ساره‌ی زه‌ویی بکه‌وێت و قاتوقڕیی نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ر مرۆڤدا، به‌ڵکو به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی زه‌وییدا بهێنێت. لێ به‌شێکی گه‌وره‌ی مرۆڤ له جیهاندا هیچ ده‌سته‌ڵاتێکیان نییه، که رێگری له روودانی ئه‌م کاره‌ساته بکه‌ن.
ده‌بێت به‌رده‌وام بپرسین، که ئه‌م تووڕه‌ییه‌ی مرۆڤ له کوێوه دێت؟ با دیسانه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێوابوونه‌کانی وه‌ك: که مرۆڤ له سروشته‌وه باشه و په‌روه‌رده و کو‌لتوور خراپیان ده‌کات. یاخوود مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه و له رێگه‌ی په‌روه‌رده و کولتووره‌وه ده‌توانرێت چاکبکرێت. هه‌ندێك به مه‌شه‌وه ناوه‌ستن و ده‌ڵێن: ده‌بێت ئاژه‌ڵه‌که‌ی ناو مرۆڤ نه‌هێڵدرێت، هه‌تا مرۆڤ وه‌ك ئاژه‌ڵ مامه‌ڵه نه‌کات، چونکه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ئه‌قڵانییه، ئه‌مه‌ش مرۆڤ له ئاژه‌ڵان جیاده‌کاته‌وه. ئه‌م بۆچوونه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راسیۆناڵیانه، ئه‌قڵگه‌رایانه ناتوانێت ئاسووده‌مان بکات، چونکه هیچ ئاژه‌ڵێك هێنده‌ی مرۆڤ له‌ناو خۆیاندا له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا به‌شێوه‌ی مرۆڤ توندوتیژ نین. تووڕه‌یی و توندوتیژیی ئاژه‌ڵ و باڵنده هه‌میشه پابه‌نده به‌وه‌وه، که یان له مه‌ترسیدایه، یان قه‌تیس کراوه له چێوه‌یه‌کدا.
کۆنراد زه‌خاریاس لۆرێنتس (Konrad Zacharias Lorenz) پزیشك و ئاژه‌ڵناسی نه‌مساویی له کتێبێکیدا به ناوی (ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێن تووڕه)،(Das sogenannte Böse) ده‌ڵێت: تووڕه‌یی له مرۆڤدا به به‌رده‌وامیی هه‌یه. کۆنراد سه‌رنجی جۆرێك له شه‌مپانزه‌کانی باخچه‌ی ئاژه‌ڵان ده‌دات، که ناویان بۆنۆبۆیه(Bonobo). کۆنراد سه‌ره‌تا پێیوابوو، که ئه‌م شه‌مپانزانه هه‌تا بڵێیت تووڕه‌ن. به‌ڵام دواتر بۆچوونی گۆڕیی، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که شه‌مپانزه‌کان له قه‌فه‌زی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه ده‌گوێزنه‌وه بۆ ناو سروشتی خۆی. لێره‌دا له سروشتدا، که شه‌مپانزه‌کان هه‌م ئازادییان هه‌یه و هه‌میش جێگا و رێگه‌ی به‌رفراوان و ئه‌وه‌ش ده‌خۆن، که خۆیان ده‌یانه‌وێت. ئیدی به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌وه بۆ ناو سروشت، ئه‌م شه‌مپانزانه چیتر وه‌ك پێشتر تووڕه و شه‌ڕانیی نین، به‌ڵکوو له هارمۆنییه‌کی باش‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا ده‌ژیین. به‌ڵام مرۆڤ له ئازادییشدا خاوه‌نی تووڕه‌ییه‌کی به‌رده‌وامه و به‌رده‌وام ئاماده‌ی شه‌ڕ و پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژییه.
له تیۆرییه‌که‌ی زیگمووند فرۆیددا له پسیشۆئه‌نالیزه‌دا، که قسه له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕێنه‌ری مه‌رگ و ژیان ده‌کات، به‌تایبه‌ت هه‌ڵسوڕێنه‌ری مه‌رگ، ده‌گه‌ین به‌و راستییه‌ی، که ئه‌و مرۆڤه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌ری مه‌رگ ژیانی رۆژانه‌ی هه‌ڵده‌سوڕێنێت، مه‌رج نییه، بیر له خۆکوشتن بکاته‌وه و له کاتێکی پێویستدا خۆی بکوژێت، وه‌ك به‌شێك له سه‌ربازه‌کان له جه‌نگدا خۆیان ده‌کوژن، تا به‌رده‌ست دوژمن نه‌که‌ون. یان له کاتێکدا، که هه‌ست به بێنرخی ژیان و ژیانی خۆی ده‌کات و بڕیاری خۆکوشتن ده‌دات، وه‌ك مرۆڤی خه‌مبار که خۆی ده‌کوژێت. به‌ڵکو داگیرساندنی ئه‌م هه‌ڵسوڕێنه‌ری مه‌رگه له تاکدا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، تاك حه‌ز به مه‌رگی به‌راكبه‌ر بکات، حه‌ز به ئازاردانی به‌رامبه‌ر بکات، هه‌روه‌کو چۆن تاکێکی سادیست حه‌ز به ئازار و ناخۆشیی و مه‌رگی به‌رامبه‌ر ده‌کات. له پسیشۆئه‌نالیزه‌دا ئه‌م هه‌ڵسوڕێنه‌ره یان ئه‌وه‌تا رووی له‌ناوه‌وه‌ی تاکه، که زیان به تاك ده‌گه‌یه‌نێت یان رووی له ده‌ره‌وه‌یه، که زیان به خه‌ڵکی ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك کاره‌کته‌رێکی دێستروکتیڤ، وه‌ك کاره‌کته‌رێکی هێرشبه‌ر و توندوتیژ.
مێشکی مرۆڤ به ته‌نها ئامرازێکی سوودبه‌خش نییه بۆ مرۆڤ و بۆ ده‌وروبه‌ر و بۆ سروشت، به‌ڵکو ئامرازێکی زیانبه‌خش و وێرانکه‌ریشه، هه‌ربۆیه خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه‌ن دژ به هه‌موو شت له ژیاندا. تواناکانی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ به‌رده‌وام و به‌بێ چاوه‌ڕوانیی ئاماده‌ی پراکتیزه‌کردنی توندوتیژیی بێت. ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که پێناسی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێکی تووڕه له سروشته‌وه بکرێت. مێشکی مرۆڤ بوونێکی سروشتییه، تواناکانی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ بوونێکی سروشتییه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه سه‌ربازێك له جه‌نگدا، بۆ نموونه جه‌نگی رووسیا و ئۆکرانیا، که به‌رده‌وام تفه‌نگه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئاماده‌ی ته‌قه‌کردن و کوشتنه. ئه‌وا له ئاشتییشدا مرۆڤ هاوشێوه‌ی سه‌ربازێك له جه‌نگدا، به‌رده‌وام خاوه‌نی تفه‌نگێکه له مێشکیدا، که له هه‌موو کاتێکدا ئاماده‌ی به‌کارهێنانیه‌تی بۆ خستنه‌وه‌ی زیان. ئه‌و مرۆڤه‌ی به تامه‌زرۆوه ده‌یه‌وێت، ئه‌م تفه‌نگه‌ی ناو مێشكی به‌کاربهێنێت مرۆڤێکی سادیسته، هه‌ربۆیه هه‌میشه بۆ شوێنی کارێك ده‌گه‌ڕێت، که رێگه‌ی پێبدات پراکتیزه‌ی توندوتیژیی بکات. بۆ نموونه بوون به سه‌رباز، پۆلیس، ده‌زگاکانی هه‌واڵگریی و کارمه‌ندی حکومه‌ت له پراکتیزه‌کردنی هێز و ده‌سته‌ڵاتدا، یاخود له بانده توندوتیژ و کریمینێڵ و مافیاکاندا. به‌ڵام خه‌ڵکانێکی سادیستی تریش هه‌ن، که له پیشه‌ی نه‌رم و نیان و ئاساییشدا ده‌توانن سادیستانه مامه‌ڵه بکه‌ن. بۆ نموونه مامۆستایه‌ك، که له خوێندکارێکی منداڵ ده‌دات، مامۆستایه‌ك که ژیانی خوێندنی منداڵێك یان گه‌نجێك ناخۆش ده‌کات و به‌رده‌وام له وانه‌که‌ی خۆیدا ده‌یخات. په‌رستیارێك، که چێژ له ئازاری نه‌خۆشه‌کان وه‌رده‌گرێت، دایکێك یان باوکێك که چێژ له ئازاردانی منداڵه‌کانی وه‌رده‌گرێت و سنووری ئازادیی و ژیانیان ته‌سك ده‌کاته‌وه، به ئارگیۆمێنتی په‌روه‌رده‌کردن.
رووی سادیست له کۆمه‌ڵگای کوردییدا وه‌ك رۆژی رووناك دیاره، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، که ده‌گمه‌ن ئه‌م رووه سادیسته ده‌ناسرێته‌وه. ساده‌تریین نموونه. کچان و کوڕان که له‌یه‌کتریی جیاده‌بنه‌وه، ئه‌وه‌ی دڵیان حه‌زی پێ‌بکات له ناخۆشیی ژیان بۆ یه‌کتریی ده‌خوازن. دوو رۆژ له سه‌ره‌ی نه‌وت، غاز یان به‌نزیندا راوه‌ستاویت، کاتێك دێته سه‌ره‌ی تۆ، ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م وزه سووته‌مه‌نییه دابه‌ش ده‌کات، دابه‌شکردنه‌که راده‌گرێت و ده‌ڵێت، ته‌واو بۆ ئیمڕۆ هیچی تر دابه‌ش ناکه‌ین، چونکه نه‌ماوه. وێڕای ئه‌وه‌ی، که ئه‌م که‌سه پێتده‌ڵێ، به‌داخه‌وه ده‌بێت ببووریت، که ئیمڕۆ هیچی ترمان نه‌ماوه، لێ له رووخسارییدا بزه‌یه‌ك ده‌بینیت، که چێژ له‌وه وه‌رده‌گرێت، که دوای ئه‌م هه‌موو چاوه‌ڕوانییه، تۆ هێشتا نا‌توانیت سووته‌مه‌نیی بۆ ئه‌م زستانه سارده‌ت به‌ده‌ستبهێنیت، سووته‌مه‌نیی بۆ به‌ڕێکردنی ژیانی رۆژانه به‌کاربهێنیت. ئه‌م بزه سادیستییه له هه‌موو شوێنێکدا ده‌ناسرێته‌وه. بیربکه‌ره‌وه و بزانه، که کێ و که‌ی دواهه‌میین جار ئه‌م بزه‌یه‌ی پێداویت. ئه‌مه به واتای ئه‌وه دێت، که خه‌ڵکانی سادیست ته‌نها پێویستیان به هه‌لومه‌رجه بۆ پراکتیزه‌کردنی توندوتیژیی.
هه‌ندێك تاکی سادیست هه‌ن، که هه‌رگیز سادیستانه مامه‌ڵه‌یان نه‌کردووه، چونکه خاوه‌نی هه‌لومه‌رج نه‌بوون. نموونه‌یه‌کی تری ساده، کاتێك کوڕێکی سادیست ژن دێنێت، ده‌بێته خاوه‌ن هه‌لومه‌رج. له چوار دیواردا خۆی پاشای ده‌ڤه‌ره‌که‌یه، سه‌ره‌تا له رێگه‌ی سێکسه‌وه حه‌زه سادیستییه‌کانی خۆی پراکتیزه ده‌کات، پاشان له رێگه‌ی توندوتیژییه‌وه تا ده‌گاته ئاستی کوشتن. باوکێك و برایه‌ك له رێگه‌ی پاراستنی حه‌یا و حورمه‌ته‌وه، وه‌ك به‌کارهێنانی بۆ هه‌لومه‌رجێك پراکتیزه‌ی توندوتیژیی له‌گه‌ڵ کچ و خوشکدا ده‌که‌ن.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: هیچ ئارگیۆمێنتێك بۆ ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه نییه، تاکه ئارگیۆمێنتێك، که ئێمه بتوانین کاری تێدا بکه‌ین، ئه‌وه‌یه، که ئه‌م بکوژانه نه‌خۆشێکی مه‌ترسیدارن، و ئه‌م خه‌ڵکانه سادیستن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی حکومه‌ت هیچ هه‌ڵوێستێکی یاساییانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه نییه و سنووری ئه‌م تووندوتیژییانه ته‌سك ناکاته‌وه؟