بۆردی پزیشکی ئوردنی بۆ بەخشینی متمانە بە بۆردی پزیشکی کوردستان هەنگاوەکان دەستپێدەکات
K24 – هەولێر
شاندێکی بۆردی پزیشکی ئوردنی لە هەرێمی کوردستانن، هەڵسەنگاندن بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن و بۆ هەماهەنگی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پتەوتر دەکەن.
ئازەر فاروق پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "شاندەکەی بۆردی پزیشکی ئوردنی چەند نەخۆشخانەیەکی هەولێریان کردووە و هەڵسەنگاندن بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن".
د. مەعروف تەحسین، یاریدەدەری سەرۆکی بۆردی پزیشکی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بۆردە بۆ هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشین بە نەخۆشخانە فێرکارییەکان و سەنتەرەکانی راهێنانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش بۆ خوێندنی بۆردی کوردستان پێکهێنراوە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ متمانە بەخشین بە خوێندنی بۆردی کوردستان، چونکە بۆردی پزیشکی ئوردنی لایەنێکی دیار و بەرچاوە لەسەر ئاستی جیهان، بە چەندین هەنگاو کاردەکەن بۆ متمانە بەخشین بە بۆردی پزیشکی کوردستان".
روونیکردەوە: "لە قۆناغی یەکەم ناوی سەرجەم نەخۆشخانەکان و پێداویستییەکانیان دەنوسرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، دەرێتەوە بۆردەکە، دواتر لیژنەی لاوەکی بۆ هەر پڕۆگرامێکی خوێندن لە بۆردی پزیشکی کوردستان پێکدەهێنرێت، بە مەبەستی بەخشینی متمانە".