حه‌ماس ستایشی هه‌وڵێكی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژه‌یاسای "قه‌ده‌غه‌كردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرد".
له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یه‌دا، بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری ئیسلامی فه‌له‌ستین (حه‌ماس)، ستایشی پڕۆژه‌یاساكه‌ی كرد و داوای له په‌رله‌مانی وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی كرد، هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بنێن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممه (11ی ئایار/ مایۆی 2022)، له دانیشتنێكی ئاسایی‌دا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای "قه‌ده‌غه‌كردنی ئاساییكردنه‌وه و دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ "كیانی زایۆنی" كرا، كه له لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه پێشكه‌ش كرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئامانج له‌و پڕۆژه‌یاسایه، پارێزگاریكردنی بنه‌ما نیشتمانی و ئیسلامی و مرۆییه‌كانه له عێراق و له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، "به گوێره‌ی پڕۆژه‌یاساكه هه‌موو جۆره رێگه‌یه‌ك له به‌رده‌م ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌پچڕێن و سزای به‌رهه‌ڵستانه له هه‌مبه‌ر ئه‌وانه ده‌گیرێته‌به‌ر، كه هه‌وڵی سه‌رپێچی له یاساكه ده‌ده‌ن".
له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م گفتوگۆ له باره‌ی پڕۆژه‌یاساكانه‌وه ده‌كرێت و به ده‌نگدان په‌سند ده‌كرێن.
تا ئێستا عێراق په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی نه‌كردووه‌ته‌وه و زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی عێراق ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ماس"ی فه‌له‌ستینی ستایشی پڕۆژه‌یاساكه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و پڕۆژه یاسایه هه‌ڵوێستێكی مێژووییه بۆ پشتیوانی له گه‌لی فه‌له‌ستین و دادوه‌ری دۆزه نیشتمانییه‌كه‌ی.