مەحمود عەباس: ئیسرائیل شیرین ئەبو عاقلەی کوشتووە

سەرۆکی فەڵەستین: شیرین ئەبو عاقلە دەنگێکی راستگۆ و نیشتمانیی بوو نەهامەتییەکانی قودس و کەمپەکانی دەگواستەوە
شیرین ئەبو عاقلە
شیرین ئەبو عاقلە

K24 - هەولێر

مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوژرانی خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل.

سەرۆکی فەڵەستین، لەمیانی پێشوازیکردن لە تەرمی شیرین ئەبو عاقلە لە بارەگای سەرۆکایەتی فەڵەستین لە رامەڵڵا، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئیسرائیل ناتوانێت راستیی بشارێتەوە و نابێت ئەو تاوانە بەبێ سزا تێپەڕێت".

گوتیشی: "لێکۆڵینەوەی هاوبەشمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسرائیل رەتکردووەتەوە و رەتیدەکەینەوە، چونکە ئیسرائیل تاوانەکەی ئەنجامداوە، ئێمە متمانەیان پێ ناکەین".

سەرۆکی فەڵەستین جەختیکردەوە، پەنا دەبەنە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ لێپچێینەوە لە تاوانبارانی رووداوەکە.

مەحمود عەباس هاوکات ستایشی شیرین ئەبو عاقلەی کرد و بە شەهیدی قودس و شەهیدی گوتنی ئازادی وەسفیکرد و گوتی: "دەنگێکی راستگۆ و نیشتمانیی بوو، نەهامەتییەکانی قودس و کەمپەکانی دەگواستەوە".

سەرۆکی فەڵەستین، وەک رێزلێنانێک لە کارەکانی بڕیای دا، میدالیای ئەستێرەی قودس بە شیرین ئەبو عاقلە ببەخشرێت.

سەدان فەڵەستینی لە پێشوازیی تەرمی ئەبو عاقلەدا وەستابوون و بە گوڵ و بەرزکردنەوەی وێنەی شیرین و دەستەواژەی ئیدانەی کوشتنی رێزیان لێ نا.

بڕیارە سبەی هەینی، رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شیرین ئەبو عاقلە لە قودس بەڕێوەبچێت، دوای نوێژکردن لەسەر تەرمەکەی لە کڵێسای روومی کاسۆلێک لە شاری خەلیل لە تەنیشت باوکییەوە بەخاکسبپێردێت.

دوێنێ چوارشەممە، 11/5/2022، خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین کوژرا.

ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە ناوبراو بە گولـلەی چەکدارانی فەڵەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە رەتکراوەتەوە.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی 1971 لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی 25 ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو.