مێسی لوتكه‌ی گرتووه‌ و پێش كریستیانۆ كه‌وتووه‌ته‌وه‌

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی کە گۆڤارێکی ئابووریە لیستی ئەو وەرزشوانانەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ساڵێکدا زۆرترین داهاتیان هەبووە، لیۆنێل مێسی ئارجێنتینی و ئەستێرەی پاریس سانجێرمان سەرووی لیستەکەی گرتووە و لە ماوەی ساڵێکدا و تاکو یەکی ئەم مانگە داهاتەکەی گەیشتووەتە 130 ملیۆن دۆلار، لە نێویدا 55 ملیۆن دۆلاری وەکو پاداشت وەرگرتووە.

 لە ساڵی رابردووشدا لیۆ لە دووەمی لیستەکەبوو دوای کۆنۆر مگریکۆری بۆکسێنەری ئێرلەندی زۆرترین داهاتی دەستخست و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، پێش لیبرۆن جەیمس و کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەوتووە.

فۆربس هێمای بۆ ئەوەش کردووە بە گشتی ١٠ وەرزشوانەکەی یەکەمی ریزبەندی لە ماوەی 12 مانگدا 992 ملیۆن دۆلاریان بەدەستهێناوە و سێیەمجارە لە مێژوودا داهاتی ساڵانەی 10 وەرزشوانی جیهان دەگاتە ئەم بڕە کە پێکهاتووە لە مووچە و خەڵاتەکان و پاداشتە داراییەکانی ناوەوە و دەرەوەی یاریگاکان.

لە دوای مێسی، لیبرۆن جەیمس ئەستێرەی باسکەی لۆس ئانجێلێس لیکەرز دەبینرێت کە داهاتی 12 مانگی رابردووی گەیشتە 121 ملیۆن دۆلار و ریکۆردی پێشووی خۆی شکاند کە پێشتر بە 96.5 ملیۆن دۆلار لە لیستکەدا ناوی خۆی تۆمار کرد.

 کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە ریزی پێشەوەیە و سەرکردەکەی پۆرتوگال داهاتەکەی لە ماوەی ساڵێکدا گەیشتووەتە 115 ملیۆن دۆلار و پێش نێیمار دا سیلڤای ئەستێرەی پاریس سانجێرمان دەبینرێت، کە ئەم یاریزانە بەڕازیلیە لە ماوەی 12 مانگی رابردوو داهاتەکەی 95 ملیۆن دۆلار بووە و ستیڤن کاری یاریزانی باسکەی گۆڵدن ستەیتیش بە 92.8 ملیۆن دۆلار لە خانەی پێنجەم دەبینرێت.

یاریزانێکی دیکەی باسکەی ئەمریکا لە لیستەکەدایە و کیڤن دۆرانتی ئەستێرەی برۆکلین نێتس داهاتەکەی لە ماوەی ساڵێکدا 92 ملیۆن دۆلار بووە و پێش رۆجێر فێدرێری تێنسزانی سویسری کەوتووە کە داهاتەکەی گەیشتووەتە 90.7 ملیۆن دۆلار سەرەڕای ئەوەی ئەم تێنسزانە لە 2021 بەشداریی تەنیا پێنج پاڵەوانییەتی کرد.

هەریەکە لە کانیلۆ ئالڤارێزی بۆکسێنەری مەکسیکی و تۆم برادی یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی و ئاتیتۆکۆمبۆی یاریزانی باسکەی میلواکی لە خانەکانی هەشتەم و نۆیەم و دەیەم دەبینرێن.

گۆڤاری فۆربس ئاشکراشی کردووە تۆد بۆیلی خاوەنی نوێی یانەی چێڵسی لە خانەی 627ـه‌م لە لیستی دەوڵەمەندەکانی جیهان و سامانەکەی دەگاتە 4.5 ملیار دۆلار.