شنگال  بۆ ئێمه قەزیە و بۆ ئەوان کارتی فشار

Kurd24

 داخی شنگال  زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی کوردایەتی و ئازاری نەتەوەیی و ئایینزایی نەتەوەیی ئێمەیە و چەندین بارەی فەرمانی سەر خوشک و برا ئێزدیکانمانە کە جارێکی دیکەو بە فۆرمێکی نوێوە جینۆسایدکرانەوە.

من بۆ خۆم هەر لە یەکەم چرکەساتی کەوتنی شنگال  و داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە لەشتێک بەگومان بووم ئەویش ئەو ئامادەکارییە بوو کە جەماعەتی پەکەکە کردبوویان بۆ کەوتنی شنگال  وەک ئەوەی پێشوەختە ئەوان لە نێو ئەو پیلانگێڕیەدابن تۆ ببینە هێشتا خەڵکی بەش مەینەتی شنگال  لە ڕاکردن و هەوڵی خۆدەربازکردن و پاراستنی ژیانی خۆیاندابوون کەچی پەکەکە کامێرایەک و مرۆڤێکی مێشک شۆراوەیان گەیاندبووە ناو خەڵکەکەو وەک تابوری پێنجەم  زیاتر ورەی خەڵکی شنگال یان دەبرد و لەوێشەوە رقی پیس و ناخی بۆگەنی خۆیان بەرامبەر بە پێشمەرگەو سیمبولەکانی ئێمە خستەڕوو!

سەرۆک بارزانی بەسەرپەرشتیکردنی دوو ئۆپەراسیۆنی هەڵمەتی ئازادکردنی شنگال  قۆناغی یەکەم شاخی شنگال   و قۆناغی دووەم شاری شنگال  سەرکەوتوانە چەپۆکی رەشی داعشی لەشنگال  و گوند و ناحیەو قەزاکانی سنووری شنگال  بڕی و زیاتر لە(600) پێشمەرگەری قارەمان گیانی خۆیان بۆ ئازادی شنگال  بەخشی، بەڵام ئەوان چیان کرد ؟

وەک دیارە ئەوان هێزی داعش دەرکەرنەبوون لە شنگال  و گومانی ناباشیشم لەسەریان هەیە لەو بارەوە بەڵام دوای ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە هەرزوو خۆیان خزاندە ناو شنگال  و ئامادەیی شەڕیان دژی پێشمەرگەی کوردستان نیشانداو ئامادەیی دەستگوشینی دوژمنانی کوردسان بوون ،دەی جەنابی سەرۆک بارزانی  هەرزوو شەڕی کوردو کوردی تەحریم کردوە بۆیە پێشمەرگە  لێگەڕان بۆئەوەی ئەو شەڕەی ئەوان دەیانویست روو نەدات

 لەماوەی ڕابردوو لقەکانی پەکەکە لەو سنورە بە دەیان ناوی جیاوازو ئاڵای جیاوازەوە کەوتنە گیانی کوردانی ئێزدی و کارگەشتە ئەوەی فیتنەیی بخەنە نێو ئاین و پیاوە ئاینیەکانیشیانەوە بەڵام بێگومان هەمووکارێکی ناڕێک ودزێو سەرەنجامەکەی باش نابێت و ئێستا ئیتر بۆ هەموان ڕوون بویەوە خەمی ئێمە چیەو ئەوانیش خەریکی چین و خەڵکی شنگال  دەسەڵاتیان هەبێت دڵنیام ناهێڵن یەک سەعات ئەوان لەناویاندا بمێننەوە

لەم ماوەیەدا بوون بەداردەستی هەرچی دوژمنی نەتەوەی کوردهەیە لەلایەک بوون بە چەکداری حەشدی شەعبی و لەلایەک پارێزەری هیلالی شیعی و لەلایەکیش بوون بەهۆکی کێشکردنی سوپای تورکیا بۆ کوردستان و ڕەنگە لە ئایندە بۆ شنگال یش

ئێستا ئیتر لەگەڵ سوپای عێراقیش شاخیان تێگیراوەو بەشانازییەوە ئەندامیەتی خۆیان لەڕیزەکانی حشد بەیان دەکەن تێنەگەشتم فیکری ئاپۆچیەت لە کوێدا لەگەڵ دەمارگیری مەزهەبیدا یەکدەگرێتەوە وا ئەمانە بوون بەئەندامی بەرەیەک نزیکەی ١٤٠٠ ساڵە شەڕی مەزهەبی ئەوانی دیکە دەکات !!!!

پەکەکە بەمەوە نەوەستان بەڵکو بوون بەهۆکاری جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال  کە لەنێوان هەرێم و بەغداد کرا ڕازی نەبوون بەهیچ جۆرێک پێشمەرگە بۆ ئەو سنورانە بگەڕێتەوە بەڵام پێیان ئاساییەو سوپایی عێراق و ئاڵای عێراق لەوێ بێت و خەڵکیشیان کردوە بە قەڵخانی پاراستنی خۆیان بەڵام تازە دۆخی شنگال  تەنها دیوێکی کوردستانی و عێراقی نیەو دیوێکی هەرێمایەتیشی وەرگرتوەو حەشدو پەکەکە بۆ پاراستنی بەرژەوندی خەڵکی دیکە لەوێن پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی وڵاتێکی دیاریکراو دەکەن  چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕاڕەوە ئابورییە نوێکان شنگال  دەخەنە بازنەیەکی دیاری جموجۆڵی ئابوری و بگرە سەربازیشەوە لەناوچەکە بۆیە خاوەنەکانیان دەیانەوێت ئەو ڕێگریەی ئەوان بەردەوام بێت تا ئەو ڕاڕەوە ئابوریەی بەنیازە بەشنگال دا تێپەڕێت سەرنەگرێت

سەرەنجام شنگال  بۆ ئێمە لەهەرێمی کوردستان قەزیەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیەو قابیلی سازشکردن و دەست لێهەڵگرتن نیەو هەمووڕێگاکانی گەڕانەوەی بۆ باوەشی کوردستان دەگرینەبەر ،  ئەوانیش جگە لەوەی شنگال  وەک کارتی فشار بۆ پاراستنی هەندێک دەستکەوتی کاتی و لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە بەرژەوەندی خاوەنەکانیان  هیچی دیکەنیە، ئەوان کوردایەتی بەخیانەت و شەرمەزاری دەزانن و ئێمەش سەدساڵە بۆ ئازادی خەبات و خوێن دەبەخشین و دەی دیارە سەرەنجام کام ڕێگایە سەرکەوتوودەبێت و کامەشیان ڕاستەڕێگەی کوردایەتی نەتەوەکەی ئێمەیە.