تاڵیبان نانخواردنی ژن و پیاو پێکەوە لە چێشتخانەکان قەدەغەکرد

چیتر هاوسه‌ره‌كانیش ناتوانن له‌ پارك و چێشتخانه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك مێز دابنیشن
تاڵیبان نانخواردنی ژن و پیاو به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ چێشتخانه‌كان قه‌ده‌غه‌كرد
تاڵیبان نانخواردنی ژن و پیاو به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ چێشتخانه‌كان قه‌ده‌غه‌كرد

K24- هه‌ولێر:

دەسەڵاتدارانی هەرێمی هیرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان بڕیارێکی دیکەی دەرکرد و به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌، ئەمجارەیان ژنان و پیاوان ناتوانن لە رێستورانت پێکەوە نان بخۆن.

جیالەوەش ژن و پیاو پێکەوە ناتوانن بچنە پارکەکان. ته‌نانه‌ت ئەگەر و ژن و مێردیش بن، ناتوانن پێکەوە لەسەر مێزێك لە چێشتخانەکان و پارکەکان دابنیشن.

ژن و مێردێك بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کردووە و دەڵێن: چوونەتە چێشتخانەیەك پێکەوە نان بخۆن، رێگەیان پێنەداون، گوتوویانە دەبێ بەجیا دابنشین.

خاوەنی چێشتخانەیەك لە شاری هیرات نیگەرانە لە بڕیارەکەی تاڵیبان و دەڵێت: بڕیارەکە زیانی پێگەیاندوون و بازاڕیان شێواوه‌، بۆیه‌ پلانی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ستافی چێشخانه‌كه‌ی هه‌یه‌.

پێشتریش تاڵیبان پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە ژنان راگرت. خوێندنی لە کچان و ژنان قەدەغە کرد و ناچاری کردوون، کاتێك لە ماڵ دەردەچن بەتەواوی دەست و دەمووچاویان داپۆشن و پەچە ببەستن و گه‌شتكردنی ژنانیش به‌بێ هاوه‌ڵی پیاو، چ بۆ ده‌ره‌وه‌ یان بۆ ناوخۆی ئه‌فغانستان قه‌ده‌غه‌كردووه‌.

H.B