نهفتالی بینیت: پێدهچێت بهرپرسانی فهلهستین بهڵگهكانی كوژرانی رۆژنامهنووسهكهی جهزیره بشارنهوه
K24- ههولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوا دەکات، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی رۆژنامەنووسەکەی کەناڵی جەزیرە پێك بکهێنرێت و جهختیشی كردهوه، گومانی ئهوه دهكات بهرپرسانی فهلهستین ههوڵی شاردنهوهی بهڵگهكان بدهن و كهیسهكه بهلاڕێدا ببهن.
نافتالی بێنێت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: دەسەڵاتدارانی فەلەستین پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە رەتدەکەنەوە و گومانی ئهوه دهكهم، ههوڵ بدهن بەڵگەکان بشارنەوە و کەیسەکە بەلارێدا ببەن.
سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل له درێژهی گوتهكانیدا گوتی: "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین رێگە نادەن لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین پێکبهێنرێت و لێکۆڵینەوە لە کوژرانی رۆژنامەنووسەکەی جەزیرە بکەن و رێگەش نادەن دەستمان بە بەڵگەکان بگات بۆ دەرکەوتنی راستیەکان".
ههورهها دووپاتیكردهوه، "لێرەوە جارێکی دیکە داوا دەکەم لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و شەفاف بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەم، دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەستکاری بەڵگەکان بکەن و پرۆسەی لێکۆڵینەوە بشێوێنن و نەتوانین بگەینە راستیەکان".
ئهمه دوای ئهوه هاتووه، ئهمڕۆ مەحموود عەباس، سەرۆکی دهسهڵاتداری فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوژرانی خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل.
سەرۆکی دهسهڵاتداری فەڵەستین، لەمیانی پێشوازیکردن لە تەرمی شیرین ئەبو عاقلە لە بارەگای سەرۆکایەتی فەڵەستین لە رامەڵڵا، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئیسرائیل ناتوانێت راستیی بشارێتەوە و نابێت ئەو تاوانە بەبێ سزا تێپەڕێت".
گوتیشی: "لێکۆڵینەوەی هاوبەشمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسرائیل رەتکردووەتەوە و رەتیدەکەینەوە، چونکە ئیسرائیل تاوانەکەی ئەنجامداوە، ئێمە متمانەیان پێ ناکەین".
مهحمود عهباس جەختیکردەوە، پەنا دەبەنە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ لێپچێینەوە لە تاوانبارانی رووداوەکە.
هاوکات ستایشی شیرین ئەبو عاقلەی کرد و بە شەهیدی قودس و شەهیدی گوتنی ئازادی وەسفیکرد و گوتی: "دەنگێکی راستگۆ و نیشتمانیی بوو، نەهامەتییەکانی قودس و کەمپەکانی دەگواستەوە".
سەرۆکی دهسهڵاتداری فەڵەستین، وەك رێزلێنانێك لە کارەکانی بڕیای دا، میدالیای ئەستێرەی قودس بە شیرین ئەبو عاقلە ببەخشرێت.
سەدان فەڵەستینی لە پێشوازیی تەرمی ئەبو عاقلەدا وەستابوون و بە گوڵ و بەرزکردنەوەی وێنەی شیرین و دەستەواژەی ئیدانەی کوشتنی رێزیان لێ نا.
بڕیارە سبەی هەینی، رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شیرین ئەبو عاقلە لە قودس بەڕێوەبچێت، دوای نوێژکردن لەسەر تەرمەکەی لە کڵێسای روومی کاسۆلێک لە شاری خەلیل لە تەنیشت باوکییەوە بەخاکسبپێردێت.
دوێنێ چوارشەممە، 11/5/2022، خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین کوژرا.
ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە ناوبراو بە گولـلەی چەکدارانی فەڵەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە رەتکراوەتەوە.
شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی 1971 لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی 25 ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو.
H.B