لە شارێکی بەریتانیا.. بەکارهێنانی زاراوەی "کەچەڵ" بە گێچەڵی سێکسی هەژمار دەکرێت

"بەکارهێنانی وشەکە زیان بە کەسەکە دەگەیەنێت"
پیاوێكی "کەچەڵ"
پیاوێكی "کەچەڵ"

K24 - هەولێر:

لە پانێڵێکی دادوەراندا لە شاری شیفیڵدی بەریتانیا بڕیاردرا، بانگکردنی پیاو بە کەچەڵ وەک گێچەڵی سێکسی هەژمار بکرێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "لاد بایبڵ"، هەر سێ دادوەر کە لە پانێڵەکەدا بەشدارییان کردووە، گرفتی قژ رووتانەوەیان هەبووە و ئاماژەیان بەوەدا، بەکارهێنانی وشەی "کەچەڵ" بۆ وەسفکردنی کەسێك، شێوازێکە لە جیاکاری.

یەکێک لە دادوەرەکان باسی لەوە کرد، کەچەڵی زیاتر لە پیاواندا روودەدات بەراورد بە ژنان، بەکارهێنانی وشەکەش زیان بە کەسەکە دەگەیەنێت.

یەکێک لەو کەیسانەی بەهۆی ئەم بڕیارەوە یەکلایی کرایەوە، کەیسی کارمەندێکی کارگەیەك بوو، کە دوای 24 ساڵ کارکردن، لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و لەلایەن سەرپەرشتیارەکەیەوە بە "کەچەڵی پووچ" وەسف کراوە، دادگا لەبارەی ئەم کەیسەوە لە قازانجی "تۆنی فین" کارمەندی کارگەکە بڕیاریدا کە دەبێت لەلایەن کارگەکەوە قەرەبوو بکرێتەوە.