گرێ کوێرەکەی عێراق ناکرێتەوە

رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بێئومێد بوون
کۆبوونەوەی موقتەدا سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
کۆبوونەوەی موقتەدا سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - بەغدا

موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی، دوو دەرفەتی جیاواریان بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکاندا تاوەکو رۆڵی سەرەکیان هەبێت لە پێکهێنانی حکومەت و دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسییەی کە عێراق تێیکەوتووە، بەڵام کاتی دەرفەتەکان خەریکە کۆتاییان پێدێت و‌ ئـەوانیش هیچ وەڵامێکیان نییە، لەنێوان خۆیان نەیانتوانیوە رێکبکەون، شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: ئەو پەرلەمانتارانە زۆربەیان سەربەخۆ نین و رێککەوتنی ژێر بە ژێریان لەگەڵ کوتلەکانی دیکە هەیە.

پاش ئەوەی کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی بێئومێد بوون لە رێککەوتن لەگەڵ یەکتر، موقتەدا سەدر دەرفەتی دا بە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و داوای لێکردن حکومەت  پێکبهێنن و ئەمانیش پاڵپشتی دەکەن، دواتریش هاوپەیمانی رزگاری نشتیمانی دەرفەتی دووەمی دا بە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و داوای لێکردن پاڵپشتی حکومەتی زۆرینە بکەن و مافی خۆیان وەردەگرن، تاکو ئێستاش هەردوو دەرفتەکە بێ وەڵامه و نەیانتوانیوە لە نێوان خۆیان رێکبکەون.

محه‌مه‌د حوسام، سەرکردە لە رەوتی حیکمە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو دەستپێشخەریەی کە پێشنیازکراوە، پێدانی دەرفەتێکی زۆر باشە بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، بۆیە هەموو ئەوە دەستپێشخەریانەی کە کراون، بەوەی عەمار حەکیمیشەوە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکەن و دەبێت لایەنەکانیش بیر لەوە بکەنەوە کە کێشەکان چارەسەر بکرێن ".

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق 43 پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەن، بەڵام زۆرجار تووشی ئەو رەخنە دەبن کە ناتوانن هەڵوێستەکانیان یەک بخەن، تاکو سەنگی زیاتریان هەبێت لەنێو گوڕەپانی سیاسی عێراق، شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، زۆربەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ژێر بە ژێر هاوهەڵوێستی کوتلەکانی دیکەن.

هادی جەلومەرعی شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ی گوت: "پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانی رزگاری نشتیمانی هاوپەیمانی دروست بکەن، تاکو حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن، یان دەبێت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێکبکەون، بۆ پێکهێنانی حکومەت، هیچ مانای نیە لەو نێوەندە وەستاون و هیچیان پێناکرێت، من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە ئەوان یەک کوتلەیان پێ دروست ناکرێت، چونکە شتێک نییە بە ناوی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە عێراق، بۆیە ئەم پەرلەمانتارانە سەربەخۆ نین، ئەمانە سەر بە حزبەکانی دیکەن و لەژێر کاریگەری ئەوانن، تەنها دوو سێ پەرلەمانتاریان نەبێت".

رێکنەکەوتنی کوتلە پەرلەمانیەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دانانی سەرۆک وەزیران، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی چەند مانگێک دواخستووە، تادێت مەترسی ئەم داخرانە سیاسیەی نێوان لایەنەکان رەنگدانەوەی خراپی لەسەر بازاڕ و شەقام و جومگە ئیدارییەکانی حکومڕانی زیاتر دەبێت.