جه‌نگی سێیه‌می جیهانی 10 ساڵ ده‌خایه‌نێت

K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا
بیرتراند راسڵ، فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی لۆردات-ی به‌ریتانی، دوای چه‌ند ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر جه‌نگی دووه‌می جیهانی، پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه، كه جه‌نگی سێیه‌می جیهانی چه‌ند ده‌خایه‌نێت و كێ ده‌ستپێشخه‌ری ده‌بێت!.
به‌شێك له پسپۆرانی بواری سیاسی و سه‌ربازی له ئه‌وروپا و له ئه‌مه‌ریكا پێیانوایه، رۆژی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) ده‌بێته سه‌ره‌تای جه‌نگی سێیه‌می جیهانی، به‌ڵام باس له‌وه ناكه‌ن چه‌ند ده‌خایه‌نێت، ده‌ستنیشانی هاوپه‌یمانه‌كانی نێو جه‌نگه‌كه ده‌كه‌ن، كه وه‌ك دوو جه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی دیكه دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو به‌ره، له به‌رامبه‌ردا ساڵی 1950 بیرتراند راسڵ فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی پێشبینی كردووه، كه جه‌نگی سێیه‌می جیهانی 10 ساڵ ده‌خایه‌نێت و رووسیا-ش ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگه‌كه‌یه.
رۆژنامه‌ی (اخبار الیوم)ی میسری له ژماره 30ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 1950) ته‌نیا به شه‌ش وشه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، كه جه‌نگی سێیه‌می جیهانی 10 ساڵ ده‌خایه‌نێت.
كورته هه‌واڵه‌كه‌ی رۆژنامه میسرییه‌كه، هه‌واڵه‌كه‌ی له رۆژنامه‌ی (سیدنی سه‌ن)ه‌وه وه‌رگرتووه و نوسیویه‌تی: "بیرتراند راسڵ فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی سیدنی سه‌ن وتوویه‌تی كه روسیا ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگی سێیه‌می جیهانی ده‌بێت و جه‌نگه‌كه‌ش 10 ساڵ ده‌خایه‌نێت".
ئه‌م پێشبینییه‌ی راسل له‌كاتێكدا بووه ته‌نیا 5 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا تێپه‌ڕبووه و هێشتا باس و خواسی جه‌نگی ساردیش وه‌ك پێویست له ئارادا نه‌بووه، له نێوان بلۆكی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا.
جه‌نگی دووه‌می جیهانی له 1ی سێپتێمبه‌ری 1939 ده‌ستی پێكرد و له 2ی سێپتێمبه‌ری 1945 كۆتایی پێهات.
راسڵ به (دژه جه‌نگ) ناسراوه، له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا یه‌كێك بووه له ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جه‌نگ و لایه‌نگرانی ئاشتی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌وه له زانكۆی كامبردج ده‌رده‌كرێت، كه وه‌ك مامۆستا وانه‌ی ده‌وته‌وه، ته‌نانه‌ت تووشی زیندانی كردنیش بوو، رێگه‌ی ئه‌وه‌شی لێ‌گیرا گه‌شت بۆ ئه‌مه‌ریكا بكات و له زانكۆی هارڤارد بخوێنێت.
راسڵ له وته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "جه‌نگ ئه‌وه دیاری ناكات، كێ ههڵگیرسێنهرێتی به‌ڵكو ئه‌وانه دیاریده‌كات كه ده‌مێننه‌وه له دوای جه‌نگه‌كه".
راسڵ به یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری ناسراوه و هه‌میشه پێگه‌ی باڵای هه‌بووه له‌وه‌دا كه نه‌یار و به‌رهه‌ڵستكاری سه‌ختی جه‌نگ بووه، له جه‌نگی دووه‌می حیهانیدا دژی نازی بووه و به‌رامبه‌ر داپڵۆسێنه‌ری ستالین وه‌ستاوه‌ته‌وه و ره‌خنه‌ی گرتووه، هێرشی توندیشی كرده سه‌ر ئه‌مه‌ریكا كاتێك خۆی ئاڵاند له جه‌نگی ڤێتنام-ه‌وه.
راسڵ به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه كه دژی جه‌نگ بووه به‌ڵكو له‌گه‌ڵ جان پۆل ساته‌ر فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی له‌ژێر ناوی دادگای (راسڵ-سارته‌ر) داوای دادگاییكردنی سه‌ركرده‌كانی ئه‌مه‌ریكا-ی كردووه كه تاوانی جه‌نگ-یان ئه‌نجامداوه له ڤێتنام.
ئه‌و یه‌كێك بوو له ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌ی كه ده‌ریكرد بۆ داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمی ساڵی 1961 له به‌ریتانیا زیندانی كرا.
خۆ ره‌نگه ته‌نیا راسڵ نه‌بێت كه رووسیا به ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگی سێیه‌می جیهانی دابنێت، به‌ڵكو مایكل وۆلف نووسه‌ری كتێبی (ئاگر و توڕه‌یی) كه له‌مانگی حوزه‌یرانی 2018 بڵاوكرایه‌وه و سه‌رتاپا ره‌خنه‌یه له دۆناڵد تره‌مپ -45 مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، باس له‌وه ده‌كات كه رووسیا ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگی سێیه‌می جیهانی ده‌بێت و ده‌شڵێت: "جه‌نگی سێیه‌می جیهانی ته‌نیا مه‌سه‌له‌كه كاته، نه‌ك هه‌ڵگیرساندنی".
زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان ئه‌مه‌ریكا و چین له دواهه‌مین ساڵه‌كانی جه‌نگی سێیه‌می جیهانیدا ئه‌چنه ناو جه‌نگه‌كه‌وه، رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن تایمز له راپۆرتێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئافریل هاینز به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی پیراندا پێداگری له‌وه‌كردووه، كه سه‌ركرده‌كانی چین وانه‌یان له داگیركاری رووسیا وه‌رگرتووه و پلانیان داڕشتووه، كه له ساڵی 2030 ده‌ستبگرن به‌سه‌ر تایوان-دا.

