له ئێران کار بۆ بەتاڵانبردنی شوێنەوارەکان بە شێوەی یاسایی دەکرێ

"موڵەت بە هەندێك خەڵک دەدەن تا بە شێوەیەکی فەرمی شوێنەواری وڵاتمان تاڵان بکەن"
ئێران، وێنە: Wikimedia Commons
ئێران، وێنە: Wikimedia Commons

K24 - هەولێر:

چەند ئەندامێکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران پرۆژە یاسای "سودی زیاتر لە شوێنەوار و گەنجینەکان"ـیان ئاراستەی سەرۆکایەتی مەجلیس کردووە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئێران ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ کڕین و فرۆشتنی شوێنەوار و پارەی زیاتر بێنە ناو وڵاتەکەیان. ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە پەسند بکرێت، مەترسی زۆر لە سەر شوێنەوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەبێت.

چیرۆکی ئەو پرۆژەیە یاسایە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک کە حەمید بەقایی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگوزاری ئێران پرۆژەیەکی هاوشێوەی هەبوو و دەیەویست بازاڕی گەورەی کڕین و فرۆشتنی شوێنەوار لە دوڕگەکانی قیشم و کیش دابنێت. ئێستاش 46 ئەندامی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران ئەو پرۆژەیەیان زیندوو کردووەتەوە.

کاتێک حەمید بەقایی پرۆژەکەی ئاشکرا کرد، کاردانەوە و دژایەتی فراوانی لێ کەوتەوە و هەر بۆیە تا ئەمساڵ بیدەنگی لێکرا. بەپێی پڕۆژەکە و لە ئەگەری پەسندبوونی، هەندێك لایەن یان کۆمپانیا بە شێوەی فەرمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و کاری هەڵکۆڵین و فرۆشتنی شوێنەوار بە شێوەی یاسایی دەکەن.

ئێران
ئێران

رۆژی چوارشەممە 11 ئایار، 61 مامۆستای شوێنەوارناس لە نامەیەکدا بۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە بۆ "بە فەرمی و یاساییکردنی هەڵکۆڵین و قاچاخی شوێنەوار" راگەیاندووە.

ئەوان لە نامەکەدا دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەندامانی مەجلیس بە چاوی "مادی" سەیری شوێنەوار دەکەن و "ئەمەش لە بەکار‌هێنانی  وشەی گەنج لە ناو پڕۆژەکەیاندا بە روونی دیارە".

لە نامەکەدا هاتووە "بەدەستهێنانی قازانجی مادی لە شوێنەواری نیشتمانی و کەلتووری وڵات، لە لایەن هیچ ئێرانییەکی بەویژدان و وشیارەوە پەسند نییە و نابێت... دواجار وای لێ دێت ئەوانەی قازانجیان لەو کارە دایە، موڵەت بە هەندێك خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی بە شێوەی فەرمی و یاسایی، شوێنەواری وڵاتمان تاڵان بکەن".

ئێران
ئێران

شوێنەوارناسان دووپاتیان کردووەتەوە کە کێشە لە جێبەجێنەبوونی یاسای پاراستنی شوێنەوارە و بەو هۆیەشەوە "رێژەی هەڵدانەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان و دزینی شوێنەوار لە ئێراندا لە ئەژمار بەدەرە".

لە ئەگەری پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیە یاسایە، رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم ئامانجی ئەو کەسانەیە کە کیسەیان بۆ هەڵدانەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان و دزینی شوێنەوارەکان هەڵدووریوە.

چەند پارجە ئاسەوارێک کە لە شاری سنە دەستیان بەسەردا گیراوە
چەند پارجە ئاسەوارێک کە لە شاری سنە دەستیان بەسەردا گیراوە