شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە ئەمەریكا

K24 - هەولێر:
بریارە سبەی شەممە 14ـی ئایاری 2022، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بچنە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و سەردانەكەش لەسەر بانگێشتی فەرمی فەرماندەی ناوەندی ھێزەكانی ئەمەریكایە.
عەمید عوسمان محەمەد بەرێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر بانگێشتی فەرمی فەرماندەی ناوەندی ھێزەكانی ئەمەریكا سبەی شاندێكی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەچێتە ئەمەریكا.
ناوبراو گوتیشی: "شاندەكە لە 5 ئەندامی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی پێكھاتوون، بریارە فەرماندەی ناوەندی ھێزەكانی ئەمەریكا و چەند شوێنێكی دیكەش بەسەر بكەنەوە".
عەمید عوسمان باسی لەوەش کرد، "ئەمەریكا لە ھەموو روویەكەوە ھاوكاری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات بە تایبەت لە رووی ڕاگەیاندنەوە چۆن روبەروی بیری داعش و توندڕەوی ببینەوە."