ماهیر ئەمین کلیپی "پایتەختی ئەوینداران" بڵاودەکاتەوە

ڤیدیۆ کلیپەکە لە شوێنی لەدایکبوونی ماهیر ئەمین وێنەی گیراوە
هونەرمەند، ماهیر ئەمین
هونەرمەند، ماهیر ئەمین

 

هونەرمەند ماهیر ئەمین لە بەرنامەی (هاشتاگ)ـی کوردستان24 لەبارەی ڤیدیۆ کلیپی "پایتەختی ئەوینداران" چەند زانیاریەکی خستەڕوو، گوتیشی" وەک ناونیشان پێمانخۆش بوو لایەنە ئەوینداریەکەی لە هەموویان زیاتر پیشان بدەین و بیهێنینە پێشەوە."

 ماهیر ئەمین سەبارەت هەڵبژاردنی سرووشتی شاری رواندز بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەی گوتی: "رواندز پێگەیەکی مێژووی و هونەری و گەشتیاری تایبەتی هەیە، لەو کارە هونەریە، ئیشمان لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کردووە ئەوانیش: (هونەر و سرووشت و مێژوو)ن، بەڵام وەک ناونیشان پێمانخۆش بوو، لایەنە ئەوینداریەکەی زیاتر زەقبکەینەوە و پیشانی بدەین".

 لە بارەی ستافی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ کلیپەکەش ئاماژەی بەوەدا، "هونەرمەند فارووق باپیر بیرۆکەی بەرهەمهێنانی گۆرانیەکەی داناوە، ئاوازی گۆرانیەکەش هەر هی ئەوە، تێکستەکەی لەلایەن رەنج مەجید و خۆمەوە نووسراوە، گۆران کامیل کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکی گۆرانیەکەی کردووە، هەروەها دەنگ و میکس و مایسترینگ لەلایەن میران میرانیەوە کاری لەسەر کراوە و کۆمپانیای بڵند پرۆدەکشن کاری ڤیدیۆ کلیپەکەیان کردووە."

ماهیر ئەمین لە ساڵی 1973 لە رواندز لەدایکبووە، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، خاوەنی چوار ئەلبووم و ژمارەیەك گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆ کلیپە.