هەولێر.. روونکردنەوەیەك سەبارەت بەو شەڕەی پێنج کەسی تێدا کوژرا
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەسەر بابەتی رووداوی شەڕە تەقەکەی ئەمڕۆ کە لە گوندێکی قەزای خەبات روویدا بوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو تۆمەتبار کە زامدار ببوون، دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر (7:30)ـی ئێوارە، پۆلیسی هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەوڕەبەن لە سنووری ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات لە نێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ) و (ح. ر. پ) روویداوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، "دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوهكه و ئارامکردنەوەی ئەو گرژیەی لە ناوچهكه دروست بووبوو، دواتر دەرکەوت کەوا لەسەر کێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ) و (ن. ح) و (ف. ح) و (ف. ح) دەبێتە دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوانیان روودەدات لەم نێوەندەدا پێنج کەس کوژراون، هەروەها دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی (ف. ح) و (ن. ح) به زامداری لە ژێردەستی پۆلیسن.
پۆلیسی هەولێر لە روونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوەشدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە کراوەتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە.