ئەمەریکا بۆ راگەیاندنی "ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکرانیا" بانگهێشتی رووسیا دەکات

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار لە دوای 18ی شوباتەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا گفتوگۆی کردووە
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، ڵۆید ئۆستن، لەمیانی یەکەمین گفتوگۆی لەگەڵ ھاوتا روسییەکەی، سێرگی شۆیگو لەوەتەی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا، داوای راگەیاندنی "ئاگربەستی بەپەلەی لە ئۆکرینادا" کرد.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، جۆن کێربی بڵاوکراوەتەوە، ئۆستن بۆیەکەمین جار لە دوای 18ی شوباتەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا رووسییەکەی، شۆیگو ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:"وەزیر، ڵۆید ئۆستن بۆ یەکەمین جار لە دوای 18ی شوباتەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو لە 13ی ئایار گفتوگۆی کردووە. ئۆستن بانگھێشتی رووسیای کردووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکرانیادا و جەختی لە گرنگی بە کراوەیی مانەوەی نێوەندەکانی پەیوەندی کردووەتەوە".

ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە 24ی شوبات دەستی پێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ بەردەوامی هەیە و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەکی زۆر سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە.

سەرچاوە: AA