گومان لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی دەكرێت

K24 - ھەولێر

 روانگەی مافی مرۆڤی عێڕاقی بە گومانەوە لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دەڕوانێت.

لە بەیاننامەیەکدا روانگەی مافی مرۆڤی عێڕاقی رایگەیاند: "کارەکانی لیژنەی لیکۆڵینەوەکان لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی جێگەی گومانەو لیژنەکە وەک پێویست ناتوانێت کارەکان بێ لایەنانە بەڕێوە ببات".

هەروەها روانگەی ناوبراو، نیگەرانی دەربڕی لە دانانی فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێڕاق بە سەرۆکی لیژنەکە، لەکاتێکدا خۆی یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی.

روانگەی مافی مرۆڤ، رەخنەشی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کرد، کە رێگەی نەداوە هیچ رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتی لەم لیژنەیەدا ئەندام بن.

لە ماوەی رابردوودا بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شارۆچكەی فەللوجە چەندین بەڵگە لەسەر پێشێلكارییەكانی چەكدارانی حەشدی شەعبی خرانەڕوو، بۆیە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكھێنراوە، لە ئێستادا گومان لە كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكرێت.