لە کەرکووک مەڕەکانیش بۆ تەعریب بەکاردەهێنرێن
K24 - کەرکووک
عەرەبە هاوردەكان لە رێگەی هێنانی هەزاران سەر مەڕوماڵاتەوە، بە پاڵپشتی سوپای عێراق چادریان لەنێو زەوی و زاری جوتیارانی كورد لە سنووری گوندەكانی شارەدێی سەرگەڕان هەڵداوە، جوتیارانی كورد بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی لەگەڵ عەرەبەكان هەیانە پێیانوایە بۆ داگیرکاری هێنراون و ناگەڕێنەوە.
لە هەوڵێکی نوێدا بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری هاووڵاتییانی کورد، ژمارەیەک مەڕدار بە هەزاران سەر مەڕ و ماڵاتەوە هێنراونەتە سنووری شارەدێی سەرگەڕان.
یەکێک لە شوانکارە هاوردەکان بۆ کوردستان24 دوا و دەڵێ: "لە تەل عەبتەوە هاتووین و لێرە مەڕ و ماڵات بەخێو دەکەین".
پەیامنێری کوردستان24 لە شوانکارەکە دەپرسێت، بەبێ پرسی خاوەن زەوی دەبێت مەڕوماڵات بلەوەڕێنن؟ لە وەڵامدا گوتی: "دەبێ بۆ نابێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان پێداوین".
مەڕ و ماڵاتێکی زۆر هێنراونەتە سنووری گوندەكانی گابەڵەك و پەڵكانە و خەرابەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە لە رۆژئاوای كەركووك، ساڵانی رابردوو بەرووبوومەكانیان سوتێنرا، ئەمساڵیش عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی هێزەئەمنییەكان دەیانەوێت شەریكە بەشی جوتیارانی كورد بن.
بەدرەدین شەمسەدین، هاووڵاتییەکی کوردە لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان بە کوردستان24ی گوت: "بە ئاشکرا غەدرمان لێدەکرێت و دەسەڵاتمان نییە، چەند رۆژێکە مەڕ و ماڵاتێکی زۆر هێنراوەتە سنووری گوندەکەمان، کە ئەمەش تەعریبێکی دیکەیە، ئەوانە هاتوون بمێننەوە و زەوییەکانمان داگیر بکەن، ئێمە ئەزموونمان هەیە لەگەڵ ئەو دۆخە".
جووتیارانی کورد لەو سنوورە تاوتوێی مەترسی دۆخەكە دەكەن، خەمی گەورەتر لە پوش و پاوان و هێنانی مەڕەكان مانەوەی عەرەبەكان و جێگیرکردنیانە لەسەر زەوی و زاری کوردان.
نەشئەت رەحمان، موختاری گوندی خەرابە دەڵێ: "کاتی خۆی چۆن سەدام حوسێن خەڵکی دەردەکرد، ئێستاش بە هەمانشێوە خەڵک دەردەکرێت، ژمارەیەک مەڕدار بە هەزار سەر مەڕ و ماڵات هاتوونەتە گوندەکەمان، پێیان دەڵێین ئەوە موڵکی گوندەکانە، ئەوان دەڵێن عەسکەر ئێمەی هێناوەتە ئێرە، ئەگەر واش بێت ئێمە دەسەڵاتمان نییە".
گوتیشی: "لەژێر هەر خێوەتێکدا چەندین ماڵ هەن، ئەوان بۆ ئەوە نەهاتوون بگەڕێنەوە، ئەوە تەعریبە".
جووتیارێکی کورد بەناوی سمکۆ جەمیل، ئاماژەی بەوەکرد: "پێشتر هێزی سەربازی بە تانک و زرێپۆش هاتوونەتە سەرمان رێگەمان نەدا زەوییەکانمان داگیر بکەن، ئێستا تەعریبێکی نوێ دەستیپێکردووە و هێزە سەربازییەکان دەیانەوێت لە رێگەی مەڕدارەکانەوە زەوییەکانمان داگیر بکەن، واتا تەعریب کردن مەڕ".