هێزەکانی پاسەوانی سنوور خاڵێکی دیکە لە کانی ماسێ زیاد دەکەن
K24 – دهۆک
پاسەوانی سنووری عێراق خاڵێکی دیکەی سەربازیی لە سنووری گوندی هرورێ-ی کانی ماسێ زیاد دەکەن، ئەمەش بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و دوورخستنەوەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 14/5/2022، هێزی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی لە نزیک گوندی هرۆرێ دەڤەری بەرواری باڵا، خاڵێکی دیکەی سەربازیان زیاد کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەیامنێری کوردستان24ی راگەیاندووە: "ئەو خاڵە سەربازییەی کە هێزەکانی پاسەوانی لێ جێگیر دەکرێن، بۆ هەمیشە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەوێ دەمێننەوە".
بە دانانی ئەم خاڵە سەربازییە، ژمارەی بنکە و بارەگاکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە دەڤەری بەرواری باڵا و سندی-یان بووەتە 30 خاڵی سەربازیی، کە ماوەیەکە هێزەکانی عێراق خاڵی سەربازییان لەو ناوچەیە زیاد کردووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویست ناوی بنووسرێت بە کوردستان24ی راگەیاند: "مەبەست لە دانانی ئەو خاڵانە رێگریکردن و دوورخستنەوەی چەکدارانی پەکەکەیە لە ناوچەکە، کە بیانوو دەدەنە دەست هێزەکانی تورکیا و پەڵکێشی ناو سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقیان دەکەن".