ئابووری ئیمارات لەسەردەمی خەلیفە بن زاید

بەهۆی سیاسەتەکەیەوە پێگەی ئابووری ئیماراتی لەسەر نەخشەی وڵاتە بەهێزە ئابوورییەکان دیاریکرد
خه‌لیفه‌ بن زاید
خه‌لیفه‌ بن زاید

K24 - هه‌ولێر:

شێخ خەلیفە بن زاید ئەل نهیان، سەرۆکی كۆچكردووی ئیماراتی یەکگرتوو لەسەردەمی دەسەڵاتداریدا چەندین دەستهاتی ئابووری و گەشەی بێوێنەی ئابووری لە وڵاتەكه‌یدا تۆماركردووه‌، کە بەهۆی سیاسەتەکەیەوە پێگەی ئابووری ئیماراتی لەسەر نەخشەی وڵاتە بەهێزە ئابوورییەکان دیاریکرد.

شێخ خەلیفە بن زاید، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2004 دەسەڵاتی ئیماراتی گرتە دەست و دەستیکرد بە بنیادنانی بناغەیەکی تۆکمەی ئابووری لە وڵاتەکە، بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵەییەکان، بەهۆی دەستکەوتەکانی ئیمارات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی بە دیارکەوت.

شێخ خەلیفە بن زاید لە چەندین کەرتی جیاواز وەک پەروەردە و نیشتەجێبوون و تەندروستی و کشتوکاڵ و رێگەوبان دەستی بە پەرەپێدان کرد. لە چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی پێنوێنە ئابوورییە سەرەکییەکانی وەک داهاتی تاک و تەندروستی و خزمەتگوزاری، ئیمارات لە ریزبەندی سەرەوەی وڵاتان بوو.

دیدگای شێخ خەلیفە بن زاید گرنگیدان بوو بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، نەک تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێت، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی بەردەوام بوو لە وڵاتەکە، بەوەش پشکی نەوتی لە داهاتی گشتی وڵات بۆ سەدا 17.3 لە 2020 کەمکردەوە.

بە درێژایی ساڵانی رابردوو کاری لەسەر یەکسانی فەرهه‌مکردنی کار بۆ پیاوان و ئافرەتان کرد، هەروەها لەسەردەمی ئەودا یەکەم کەشتیوانی ئیماراتی رەوانەی وێستگەی ئاسمانی نیودەوڵەتی کرا، یەکەم گەشتی ئاسمانی بە ناوی هیوای لێکۆڵینەوە «مسبار الأمل» رەوانەی مەریخ کرا، بەمەش ئیمارات بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی و پێنجەم لەسەر ئاستی جیهان ئەو دەستکەوتە تۆمار بکات.

سەرەڕای ئەوە لەسەردەمی شێخ خەلیفە بن زاید، یەکەم پڕۆژەی ئەتۆمی، کە لە چەند وێستگەیەک پێکهاتبوو، دامەزرێندرا، بەوەش بووە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پڕۆژەی وزە نوێبووەوەکان، سەرەڕای ئەوەش پشتی بە ستراتیژییەتێک بەست تاوەکو سەرنجی بەهرەمەندان رابکێشێت و لە ئیمارات کار بکەن.

بە ئامانجی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی دارایی، شێخ خەلیفە بن زاید لە ساڵی 1976 دەزگای ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان دامەزراند، کە مەبەستی سەرەکی دابینکردنی سەرچاوەیەکی جێگیر بوو بۆ نەوەکانی داهاتوو.

شێخ خەلیفە بن زاید، لە 2ـی تشرینی دووەمی 2004، دوای کۆچی دوایی باوکی شێخ زاید بن سوڵتان ئال نهیان لە 3ـی تشرینی دووەمی 2004 بە سەرۆکی میرنشینی ئیمارات هەڵبژێردرا.