بە وێنە.. لەم پارێزگایەی عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە
K24 - هەولێر:
لە پارێزگای نەجەف لە باشووری عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1990ـەکان.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا تا ئێستا روفاتی 15 تەرم دەرهێنراوە و پێشبینی دەکرێت 100 تەرم لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا هەبێت.
عەبدوڵڵا ئەل-نائی، بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان گوتی: "لەم گۆڕەدا زیاتر لە 100 روفات هەیە، ئەمە ژمارەیەکی نزیک کراوەیە و رەنگە زیاتریش ببێت بەپێی ئەو تاوانەی ئەنجامدراوە".
ئاماژەی بەوەشدا، مێژووی تەرمەکان بۆ کاتی راپەڕینی (شەعبانیە) دەگەڕێتەوە، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ماون کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە".
دەسەڵاتداران دەڵێن لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1991، بە تایبەتی لەکاتی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، زیاتر لە ملیۆنێک کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەدام حوسێندا بێسەروشوێن بوون.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش کە لە ساڵی 2017 لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقەوە تێکشکێنرا، زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵی بەجێهێشتووە کە پێیان وایە تا 12 هەزار تەرم لەخۆدەگرێت.