هه‌واڵگری ئۆكرانیا: پوتن تووشی شێرپه‌نجه بووه

K24 - هه‌ولێر:
جیا له‌وه‌ی جه‌نگی ئۆكرانیا هه‌شتا رۆژی تێپه‌ڕاند، شڕۆڤه‌كاران پێیان وایه كۆتایی ساڵی 2022 ئه‌م جه‌نگه كۆتایی پێدێت، له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی تۆڕی هه‌واڵگری ئۆكرانی زانیارییه‌كی مه‌ترسیدار ئاشكرا ده‌كات.
كیریلۆ بۆدانۆڤ، سه‌رۆكی تۆڕی هه‌واڵگری ئۆكرانیا تۆڕی سكای به‌ریتانی رایگه‌یاند، تا كۆتایی ئه‌مساڵ (2022) جه‌نگی رووسیا دژ به ئۆكرانیا كۆتایی پێدێت.
به‌رپرسی یه‌كه‌می هه‌واڵگری ئۆكرانیا راشیگه‌یاند، له گه‌ڕی دووه‌می جه‌نگی ئۆكرانیادا گۆڕانكاری له ریزی سه‌ركردایه‌تی سوپای رووسیادا رووده‌دات.
به‌رپرسی تۆڕی هه‌واڵگری ئۆكرانیا ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا له حاڵه‌تێكی ده‌روونی و جه‌سته‌یی خراپدایه، چونكه پوتن تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: "پوتن زۆر به تووندی تووشی شێرپه‌نجه بووه‌ته‌وه، پێشتریش هه‌وڵێك له مۆسكۆ بۆ لابردنی پوتن له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بووه".
له‌مباره‌یه‌وه كۆشكی كرملین پشتڕاستی ئه‌م زانیارییانه‌ی نه‌كردووه‌ته‌وه كه پوتن تووشی شێرپه‌نجه بووه‌ته‌وه، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی ئۆكرانی به ئومێده‌وه باسی داهاتووی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و رایگه‌یاند، رووسیا دووچاری زیانی زۆر گه‌وره بووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌واڵگری روونیكرده‌وه، هێزه‌كانیان ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا له ژێر ده‌ستی رووسه‌كان ده‌رده‌هێننه‌وه، وێڕای هه‌رێمی دۆنباس و نیوه‌دوورگه‌ی "قه‌رم" كریمیا.