سه‌رۆكی فنله‌ندا پرسی به‌ ئه‌ندامبوونی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پوتن تاوتوێ ده‌كات

سه‌رۆكی فنله‌ندا: په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راشكاوانه‌ و به‌بێ هیچ هه‌ڵچوونێك ئه‌نجامدرا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا

K24- هه‌ولێر:

سۆلی نینیستۆ، سه‌رۆكی فنله‌ندا له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیاوه‌ كرد و له‌ گفتوگۆیه‌كه‌دا پرسی هه‌وڵه‌كانی به‌ ئه‌ندامبوونی فنله‌ندای له‌گه‌ڵ پوتن تاوتوێڵا كرد، مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی هه‌راسانكردنی مۆسكۆ.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی فنله‌نداوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ دووپاتیكرده‌وه‌، "گفتوگۆیه‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كان راشكاوانه‌ و راسته‌وخۆ بوو و هیچ هه‌ڵچوونێكی تێدا نه‌بوو" و سه‌رۆكایه‌تی فنله‌ندا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "به‌لاوه‌نانی هه‌ڵچوون له‌ گفتوگۆدا كارێكی گرنگه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری نینیستۆ بوو".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وڵاته‌ ئه‌سكه‌نده‌نافییه‌كه‌دا هاتووه‌، "فنله‌ندا ده‌یه‌وێت به‌و شێوازه‌ راست و پیشه‌ییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌ هاوشێوه‌كاندا له‌گه‌ڵ مۆسكۆ بكات، چونكه‌ رووسیا وڵاتێكی دراوسێیانه‌ و سنووری له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌یان هه‌یه‌".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووش سه‌رۆكی فنله‌ندا و سانا ماریس، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ نیازی خۆیان بۆ چوونه‌ ناو هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" به‌بێ دواكه‌وتن راگه‌یاند و پێشبینش ده‌كرێت رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كاندیدبوونی وڵاته‌كه‌یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رابگه‌یه‌نن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر چه‌ندین جار مۆسكۆ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو، له‌ ئه‌گه‌ری به‌ ئه‌ندامبوونی هه‌ریه‌ك له‌ فنله‌ندا و سوید له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ، هه‌ڵوێستی مۆسكۆ به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌ هیچ له‌ مامه‌ڵه‌كردنی ئێستایان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا كه‌متر نابێت. هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ دیمیتری بۆلیانسكی، جێگری نوێنه‌ری رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، له‌ ئه‌گه‌ری به‌ ئه‌ندامبوونی فینله‌ندا و سوید له‌ هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" دوور نییه‌ خاكی ئه‌و دوو وڵاته‌ ببێته‌ ئامانجی هێرشه‌كانی رووسیا.

دیمیتری بۆلیانسكی، جێگری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
دیمیتری بۆلیانسكی، جێگری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

هه‌روه‌ك چاوه‌ڕێش ده‌كرێت، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سویدیش كاندیدبوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ ئه‌ندامبوون له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ رابگه‌یه‌نێت.  

به‌گوێره‌ی سه‌رۆكایه‌تی فنله‌ندا، نینیستۆ به‌ پوتنی راگه‌یاندووه‌، "داواكاری مۆسكۆ له‌ كۆتایی ساڵی 2021 به‌ سنرداركردنی فراوانبوونی ناتۆ و دواتر هێرشی مۆسكۆ بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له‌ كۆتایی شوبات/ فێبرایه‌ری ئه‌مساڵ، ژینگه‌ی ئه‌منیی فنله‌ندای به‌ته‌واوی گۆڕیوه‌".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ش له‌كاتی سه‌ردانی بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ وڵاته‌كه‌ی، سه‌رۆكی فنله‌ندا دووپاتیكرده‌وه‌، مۆسكۆ به‌رپرسه‌ له‌ بڕیاری وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌نگاونان بۆ بوونه‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ، كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی، فنله‌ندا به‌درێژایی مێژوو، هه‌میشه‌ بێلایه‌نیی هه‌ڵبژاردووه‌ و بوونه‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ، هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێك نییه‌.

ساولی نینیستۆ، سه‌رۆكی فنله‌ندا و بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا
ساولی نینیستۆ، سه‌رۆكی فنله‌ندا و بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا

سه‌رۆكی فنله‌ندا رووی قسه‌كانی له‌ رووسیا كرد و گوتی: "ئێوه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌مه‌.. سه‌یری ئاوێنه‌ بكه‌ن".

به‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ فنله‌ندا، جۆنسن بۆ هه‌مان پرس سه‌ردانی وڵاتی سویدیش كردبوو و رێككه‌وتنێكی هاوشێوه‌یان واژووكرد.

بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نینیستۆ و مارین واژوو له‌سه‌ر ره‌شنووسی بڕیارنامه‌كه‌ی فنله‌ندا بۆ بوونه‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رۆژی دواتر "دووشه‌ممه‌" په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ری كۆببێته‌وه‌.

H.B