بالهی ههولێر یهكهمین یاریی له چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئهنجام دا
بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکانی کوردستان و بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی یانەکە، بالەی هەولێر بەشداری لە خولی بالەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا کرد.
هەولێر لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرێکی ئێرانی خۆی بۆ ئەم پاڵەوانییەتیە ئامادە کرد و یەکەمین یاری خۆیشی لە تاران رووبەڕووی بالەی شەهدابی ئێرانی بووەوە، کە ئەم یانەیە حەوتجار بووەتە پاڵەوانی ئاسیا.
سێتی یەکەمی یارییەکە 21 خولەکی خایاند و شەهدابی پاڵەوانی ئێران ئەم سێتەی بە ئەنجامی 25-16 بردەوە و بە سێتێک لە یارییەکە پێش هەولێر کەوت.
هەولێر بە پێچەوانەی شەهدابی ئێرانی بەبێ ئەوەی هیچ یاریزانێکی پیشەگەری هەبێت بەشداری ئەم پاڵەوانییەتیەی کردووە، جگە لە یاریزانە کوردەکان چەند یاریزانێکی یانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەم پاڵەوانییەتیە یاریی بۆ هەولێر دەکەن.
سێتی دووەم دەستیپێکرد و هەولێر لەم سێتە باشتر دەرکەوت و خاڵەکانی لە شەهدابی ئێرانی نزیک بوون، بەڵام دواجار ئەم سێتەشی دۆڕاند و یانە ئێرانییەکە بە 22 خولەک سێتی دووەمی بە 25 ـ 18 لە هەولێر بردەوە.
هەولێر کە لە شوێنی بەحری بەشداری ئەم پاڵەوانییەتیەی ئاسیای کردووە و لەگەڵ گازی باشوور نوێنەرایەتی عێراق دەکەن، لە سەرەتای سێتی سێیەمدا هەولێر بۆ یەکەمجار لە یارییەکە پێشکەوت بە ئامانجی گەڕانەوە و کەمکردنەوەی جیاوازیی ئەنجامەکە، هەولێر تا خاڵی چواردەم لە پێشەوە بوو، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت و ئەم سێتەشی لە ماوەی 25 خولەک بە 20-25 دۆڕاند.
هەولێر لە کۆمەڵەی دووەم یەکەمین یاریی دۆڕاند و بڕیاریشە سبهی لە دووەمین یاریی خۆی رووبەڕووی یانەی تارازی کازاخستانی دەبێتەوە، یاریی سێیەمیشی رۆژێک دواتر بەرامبەر رەیانی قەتەری دەبێت.