خەزعەلی دژی پرۆژەیاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراك ده‌وه‌ستێته‌وه‌

پرۆژەیاساكه‌ بە کردنەوەی دەرگای گەندەڵی ناو دەبات
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق

K24 - هه‌ولێر:

قەیس خەزعەلی، دژی پرۆژەیاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراك ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و پرۆژەیاساكه‌ بە کردنەوەی دەرگای گەندەڵی ناو دەبات.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، یاسا و رێسا دەڵێ "پێویستییەکان بە نرخن" و پرسی ئاسایشی خۆراك بۆ گەلەکەمان پێویستییەکە و دەبێت سوود لە توانای دەوڵەت وەربگیرێت، بەتایبەتی ئێستا کە داهات و داراییەکی زۆر هەیە.

هەر لە تویتەکەیدا خەزعەلی نووسیویەتی، ئەمە مانای دەرکردنی یاسا نییە بۆ زامنکردنی خۆراك، بەڵکو دەرگای گەندەڵی دەکاتەوە بۆ گەندەڵکاران.

بڕیاربوو دوێنێ شه‌ممه‌ (14ی ئایار/ مایۆی 2022) پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراك بکات، کە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیاوە، جیهان کەوتووەتە بەردەم مەترسی قەیرانی خۆراك، بەڵام نووسنگەی میدیا و زانیاری پەرلەمان رایگەیاند، لە سەر داوای چەند کوتلەیەك کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر لە سەر پرۆژەکە بکرێت.