عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئه‌مه‌ریكا  پێش سعوودیە دەکەوێتەوە

عێراق هه‌نارده‌ی نه‌وتی بۆ ئه‌مه‌ریكا زیاد كردووه‌
عێراق هه‌نارده‌ی نه‌وتی بۆ ئه‌مه‌ریكا زیاد كردووه‌

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئه‌مه‌ریكا، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکە پێش سعوودییە کەوتووەوە. ناوه‌ندی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا  لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 326 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ئەو فەرمانگەیە لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، ناوه‌ندی هاوردەی نەوتی ئه‌مه‌ریكا  لە هەفتەی رابردوو 5 ملیۆن و 643 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 335 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاوردەی نەوتی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا  گەیشتووەتە 326 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەفتەی رابردوودا، بەمەش دەبێتە سێیەم گەورەترین هەناردەکاری ئه‌مه‌ریكا  و پێش سعوودیە دەکەوێت.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئه‌مه‌ریكا  بە بی جیاواز نەوتی لە کەنەدا، مەکسیک، عێراق، ئێکوادۆر، سعوودیە و چەند وڵاتێکی دیکە هاوردەکردووە، بەڵام هیچ بڕە نەوتێکی لە رووسیا هاوردە نەکردووە.