پۆلیسی هەولێر: ئەو کەسەی هەڵیکوتابووە سەر ماڵە خەزورانی دەستگیرکرا

هاوسەرەکەی و برایەکی هاوسەرەکەی بریندار کردووە

K24 - هەولێر:

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەمان دەستگیرکرد کە هەڵیکوتابووە سەر ماڵە خەزورانی و خێزانەکەی و برایەکی خێزانەکەی بریندار کردووە. 

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکلی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کەسێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزورانی و لەو شوێنەدا تەقەی کردووە، لە ئاکامی تەقەکردنەکەدا خێزانەکەی و برایەکی خێزانەکەی خۆی بریندار بوونە، بەڵام باری تەندروستیان جێگیرە."

هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، "رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی خێزانیەوە لە گەڕەکی شۆڕش روویداوە، بەپێی مادەی 405 فەقەرەی 31 لە یاسای سزادانی عێراقی  فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و ئێمەش دەستگیرمان کرد و ئەو چەکەشی بەکاریهێناوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە گوێرەی ئەو مۆڵەتی چەک هەڵگرتنەی هەیەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەریش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنی نەبوو ئەوا بەجۆرێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

دوانیوەڕۆی 13ـی ئایاری 2022، لە گوندی کەوڕەبەن سەربە قەزای خەبات، لە کێشەیەکی زەوی و زاردا لەنێوان دوو برادا  شەڕ دروست بوو، کە بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

رۆژی پێنجشەممە 12ـی ئایاری 2022، بەهەمانشێوە لەسەر کێشەی زەوی و زار لە شەقامی شەستی شاری سلێمانی، لەنێوان دوو بنەماڵەدا شەڕ دروست بوو، لە ئاکامدا کەسێکی تەمەن 33 ساڵ گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.