یەکەم فیلمی کوردی لە ژانرای ئەندێشەی زانستی بڵاوکرایەوە

فیلمەکە لە هەولێر وێنەگرتنی بۆ کراوە

K24 - هەولێر:

فیلمی (دوایین پیاوی ناو کێڵگەکە) یەکەمین فیلمی کوردییە کە بچێتە خانەی ژانرای ئەندێشەی زانستیەوە، هەروەها وێنەگرتنەکەی لە شاری هەولێر کراوە.  

بارزان یونس ساڵح، دەرهێنەری فیلمی (دوایین پیاوی نێو کێڵگەکە)  بە کوردستان24ـی راگەیاند، فیلمەکە لە 14 لۆکەیشنی جیاواز لە شاری هەولێر وێنە گیراوە و کاری بەرهەمهێنانی لەلایەن کۆمپانیای “ئێچ دی ئێم” و کۆلێژی هونەرە جوانەکانەوە بۆ کراوە و پرۆژەکە بەرهەمی هەردوولایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، چیرۆکی فیلمەکە باس لە کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو دەکات لە پاش جەنگ و کاولکاری، کە سیستمێکی سەرکوتکار بەڕێوەی دەبات، لەنێو فیلمەکەدا پرۆفیسۆرێک هەوڵ دەدات لەڕێی دروستکردنی دەرمانێکەوە بەنهێنی کۆمەڵگە وشیار بکاتەوە.

دیمەنێکی فیلمەکە
دیمەنێکی فیلمەکە

ئارێز ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەکشن بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی 250 کەس کاریان لە فیلمەکدا کردووە، لەوانە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لەلایەن کۆدۆ سۆرانیەوە کراوە و کاری دانانی موزیک لەلایەن گۆڤەند قادرەوە ئەنجامدراوە، هەروەها سینەماکار، شەهرام قادر سەرپەرشتی گشتی پرۆژەکە بووە.

باس لەوەش کرا، وێنەگرتنی فیلمەکە هەشت رۆژی خایاندووە و ماوەی فیلمەکە 42 خولەکە، هاوکات یەکەمین فیلمی کوردیە کە ژانرای ئەندێشەی زانستی لەخۆدەگرێت. 

فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان بەردەستە و پەخشکردنی تا 20ـی ئەم مانگە بەردەوامە.