سیروان بارزانی: پێشمه‌رگه‌ ئۆپراسیۆنێكی دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامدا

"ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ لەبۆشایی ئه‌منی نێوانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەشی باکووری چیای قەرەچووغ دژ بە تێرۆریستانی داعش ئه‌نجامدرا"
ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌ش دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامدرا
ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌ش دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامدرا

K24- هه‌ولێر:

سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مه‌خموور ئاشكرای ده‌كات، له‌ ناوچه‌ی بۆشایی ئه‌منی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێك دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامدرا و تێیدا دوو چه‌كدار كوژران. 

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مه‌خمووری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند، بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ 15ـی ئایار/ مایۆی 2022 ھێزه‌كانی پێشمەرگە، میحوەری 6، ئۆپەراسیۆنێکيان ئەنجامدا.

سیروان بارزانی راشیگه‌یاند، ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ لەبۆشایی ئه‌منی نێوانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەشی باکووری چیای قەرەچووغ دژ بە تێرۆریستانی داعش ئه‌نجامدرا.

ئه‌شكه‌وتێكی چه‌كدارانی داعش
ئه‌شكه‌وتێكی چه‌كدارانی داعش

هه‌روه‌ها سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مه‌خمووری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو،  لەکاتی کێوماڵکردنی 3 ئەشکەوت و تونێڵی چه‌كدارانی داعش، رووبەڕووبوونەوە روویداو لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک بەسووکی برینداربوو و 2 تێرۆریستیش کوژران.

سیروان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ چەندین کەلوپەلی تێرۆریستان کەوتنە دەستی هێزه‌كانی پێشمەرگەی كوردستان.