له چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان راگیرا

K24 - هه‌ولێر:
چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه ده‌وامیان راگرت و كردوویانه‌ته پشوو، هاوكات هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای فیدراڵی، تاقیكردنه‌وه‌كانیان دواخست.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی عێراق (واع)، ده‌وامی فه‌رمی له چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق راگیراون و فه‌رمانگه تایبه‌تمه‌نده‌كان خراونه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه، به‌هۆی ئه‌و خۆڵبارینه‌ی عێراقی گرتووه‌ته‌وه.
هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی كه‌ركووك، بابل، واسیت، دیوانییه و دیاله رایانگه‌یاند، به‌هۆی خۆڵبارینه‌وه، ده‌وامی فه‌رمی له سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت راده‌گرن، هاوكات له پارێزگای به‌غداش ده‌وامی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت راگیراون، جگه له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی.
له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تیش، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای عێراق به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كه خۆڵبارینێكی چڕ زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراقی گرتووه‌ته‌وه، تاقیكردنه‌وه‌كانیان دواخست و پشوویایان راگه‌یاند.