واشنتن هیوادارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

"هەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێت، شەفاف بێت و بەپێی یاسا و دەستوور بەڕێوەبچێت"
واشنتن
واشنتن

K24 - هەولێر:

لەمیانەی گفتوگۆیوکی رۆژنامەوانیدا لە ھەولێر، ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کە بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکەی لە عێراقدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگا میدیاییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدا و نێردەی کوردستان24، ھاوار عەبدولرەزاق تیایدا بەشدار بوو، رایگەیاند، ئەمەریکا ھیچ لایەنگرییەک ناکات لەوەی چ جۆرە حکومەتێک پێکدێت، ئینجا ئەو حکومەتە زۆرینە، یان بنکە فراوان بێت، گوتیشی: "حەوت مانگە ھەڵبژاردن بەڕێوەچووە، ھێشتا لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. ئەمەش بۆ ئەمەریکا مایەی نیگەرانییە، ئەمەریکا پێویستی بەوە ھەیە، حکومەتێک ھەبێت تاکو کاری لەگەڵدا بکات".

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، لەبارەی ھەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و گفتوگۆی لایەنەکان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا گوتی" ئێمە بۆچوونێی دیاریکراومان لەسەر پێکھێنانی حکومەت نییە، بەڵام ئەمەریکا دەخوازێت سەرجەم کاراکتەرە سیاسییەکانی عێراق پشکیان لەو حکومەتەدا ھەبێت، تاکو ھەست بکەن دەنگیان بیستراوە و رێزیش لە مافەکانیان گیراوە، ھەمیشە ئەوە سیاسەتمان بووە، کە ھانی ھەموو لایەک بدەین بە رێگەی ئاشتیانە ھەوڵ بدەن بگەنە رێککەوتن و حکومەت پێکبێنن، زۆربەی عێراقییەکانیش ئەو بۆچوونەیان ھەیە و نایانەوێت گرووپە میلیشاکان و چەکدارەکانی لایەنی دیکە، ئەو پرسانە یەکلابکەنەوە".

ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و نێردەی کوردستان24، ھاوار عەبدولرەزاق
ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نێردەی کوردستان24، ھاوار عەبدولرەزاق

فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کە نزیکەی سێ ساڵە لەو پۆستەدایە، باسی لەو فشارانە کرد، کە لە کاتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "بینیومانە شێوازی ناشەرعی وەک ھێرشی تیرۆرستی لە دژی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت بۆ فشارخستنە سەریان بۆ پێکھێانی حکومەتی نوێ، یان دامەزراوەکانی نەوت و گاز بە ئامانج دەگیرێن". 

ئاماژەی بەوەشکرد پەیامەکەیان زۆر روونە: "نابێت پەنا بۆ توندوتیژی ببردرێت و نابێت گرووپی چەکداری هەبن، نابێت لە دەوڵەتانی دراوسێ هێرش بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان".

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

لە درێژەی گفتوگۆکەیدا، تولەر جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتن هیوادارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و رایگەیاند"هەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێت شەفاف بێت و بەپێی یاسا و دەستوور بەڕێوەبچێت".

وتیشی: "پێموایە گرنگە بزانین هەڵبژاردنی پێشنیازکراوی ئەمساڵ چۆن بەڕێوەدەچێت". ئاماژەی بەوەشکرد "هانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدەین، پابەندبن بە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک، کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکات و ئەوەش ئەو پەیامەیە، کە گەیاندوومانە بە لایەنە سیاسییە کوردیەکان".

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی

ماتیو تولەر کە ئەمە دوا سەردانیەتی بۆ ھەرێمی کوردستان وەک باڵیۆزی ئەمەریکا، لە بارەی بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت دۆسیەی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان گوتی "ناتوانم لێدوان بدەم"، بەڵام تیشکی خستە سەر ئەو راستییەی کە عێراق لە جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگی دەستوور، شکستی هێناوە، ئەویش بەهۆی دەرنەکردنی "یاسای نەوت و گاز و هایدرۆکاربۆن".

گفتوگۆیوکی رۆژنامەوانی لە ھەولێر بە بەشداری ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا
گفتوگۆی رۆژنامەوانی ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگا میدیاییەکانی ھەرێمی کوردستان

تولەر ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە سەرچاوەکانی وزە لە نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا هاوتا بکرێن، گرژییەکانی ئەم دواییەی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت دەتوانرێت لە رێگەی "پێکهێنانی حکومەتێکەوە چارەسەر بکرێت، کە هەموو لایەنەکان بە لایەنە کوردستانییەکانیشەوە بەشێک بن لە حکومەت، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە لەلایەن حکومەتێکەوە چارەسەر بکرێن، نەک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەوڵی بۆ بدرێت".

یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

تولەر جەختی لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە و دەڵێت "لە نزیكەوە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ھێزی پێشمەرگەدا كارمان كردووە، چونكە بێگومان ئەوان ھاوپەیمانێکی زۆر بەهێز و دڵسۆز بوون لە شكستپێهێنانی داعشدا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا زیانی زۆر زۆری بەركەوتووە، هێزێك بووە توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیری درێژخایەن بۆ ناوچەکە دابین بكات".

تولەر ئەوەشی گوت"ئێمە ھاوکاربووین لە ئەنجامدانی چاكسازی لە نێو ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی سەرجەم یەكەكانی ھێزی پێشمەرگە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی کوردستان".

لە درێژەی قسەکانیدا ماتیو تولەر (تەمەن 64 ساڵ) رایگەیاند، هاوکاری سەربازی و دارایی و مەشق و راھێنانمان پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگە کردووە.

پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان

لەکۆتایی قسەکانیدا باڵیۆزی ئه‌مەریکا باسی لە پەیوەندییە درێژخایەن و ستراتیژییەکەی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئێمە لە پرۆسەی تەواوکردنی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی گشتیداین، کە دەبێتە گەورەترین کونسوڵگەری ئەمەریکا لە جیهاندا، پێموایە ئەوە ئەو راستیە نیشاندەدات، کە ئەمەریکا وەک سیمبوڵێک تەماشای ئەو هەنگاوە دەکات، کە سیمبوڵی پەیوەندیەکی درێژخایەن و ستراتیژییە و ئێمە ئەو ناوچەیە بەجێناھێڵین و دەمانەوێت لێرە بین و شانبەشانی ھاوپەیمانی کورد کاربکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی عێراق."