رووسیا رێكاری تایبه‌ت له دژی به‌ئه‌ندامبوونی سوید و فینله‌ندا له ناتۆ ده‌گرێته‌به‌ر
K24- هه‌ولێر:
سێرگی ریابكۆڤ، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا دووپاتیكرده‌وه، له ئه‌گه‌ری به ئه‌ندامبوونی هه‌ریه‌ك له سوید و فینله‌ندا له هاوپه‌یمانی ناتۆ، مۆسكۆ ناچار ده‌بێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه رێكاری تایبه‌ت بگرێته‌به‌ر، كه سوودی بۆ هیچ لایه‌نێك نابێت.
ریابكۆڤ له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "رووسیا-24" گوتی: "هه‌روه‌ك ده‌بینن، ئه‌وان خۆشیان نازانن چی‌یان ده‌وێت. ئه‌وان به‌ده‌ست كێشه‌ی له‌خۆتێنه‌گه‌یشتنه‌وه ده‌ناڵێنن و نازانن جیهان له داهاتوودا چۆن ده‌بێت، هه‌روه‌ها كێشه‌یان له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له فره‌جه‌مسه‌ری هه‌یه له‌و جیهانه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی لێكۆڵینه‌وه و تاوتوێكردنی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه (به ئه‌ندامبوونی فینله‌ندا و سوید له ناتۆ)، وه‌ك چۆن ئه‌وروپا بیری لێ ده‌كاته‌وه، رووسیا بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه ناچار ده‌بێت رێكاری تایبه‌ت بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش سوودی بۆ هیچ لایه‌نێك نابێت".
پێشتر راپۆرته هه‌واڵییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، حكومه‌تی سوید گوتاری داواكردنی به‌ئه‌ندامبوون له ناتۆی ئاماده‌كردووه و بڕیاره له‌گه‌ڵ فینله‌ندا به‌یه‌كه‌وه پێشكه‌ش به هاوپه‌یمانێتییه‌كه بكه‌ن.
سه‌رچاوه: تاس
H.B