زه‌ویناسێك: خۆڵبارین ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان

"خۆڵبارین چەندین دەرئەنجامی خراپی لەسەر ژینگە، خاک، ئاو وهەوا، تەندروستی، بازرگانی، گواستنەوە و چەندین بواری دیكه‌ دەبێ"
دیمه‌نێكی خۆڵبارین
دیمه‌نێكی خۆڵبارین

K24 - هه‌ولێر:

زەویناس و مامۆستایه‌كی زانکۆ ئاشكرای ده‌كات، خۆڵبارین لەگەڵ ئەو زیانە زۆرانەی کە هەیەتی چەند سوودێکیشی هەیە بەڵام بە بەراورد لەگەڵ زیانەکانی ناکرێ خۆشحاڵبین بە بارینی.

ئه‌ركان عوسمان، زه‌ویناس و مامۆستای زانكۆ نووسینێكی له‌باره‌ی دیارده‌ی خۆڵبارین بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، خۆڵبارین بریتییه‌ دیاردەی بەرزبوونەوەی دەنکۆڵەی خۆڵ و زیخ بۆ بەرزی هەزاران مەتر به‌ره‌و ئاسمان، بەهۆی کاریگەری بایەکی بەهێز لەسەر ناوچەیەکی ووشکی بەرفراوان یان بیابان،  دەبێتە هۆی بەرزبوونەوە و گواستنەوەی ئەم تۆز و خۆڵ و زیخانە بە چڕی جیاواز بۆ دووری سەدان و هەزاران کیلۆمەتر.

ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ نووسیوێتی، "لەسەر گۆی زەوی لە چەندین شوێندا دیارده‌ی خۆڵبارین روو دەدات، بەناوبانگترینیان باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له‌ باکووری ئەفریقا نزیکەی ٪90 ـی زەوییه‌كه‌ی بیابانە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نزیکەی ٪80ـی، کەواتە گونجاوترین شوێنن لەسەر رووی زەوی بۆ روودانی شەپۆله‌كانی خۆڵبارین.

ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌شڵێت: "خۆڵبارین وەک کارەساتێکی سروشتی لێکدەدرێتەوە، زیانی زۆر بەو وڵاتانه‌ دەگەیه‌نێت کە بەسەریدا تێدەپەڕێ، بەڵام بە پێچەوانەی کارەساتە سروشتیەکانی دیكه‌ی وەک گڕكان، بوومەلەرزە و ڕۆچوونی زەوی".

نووسه‌ر زیاتر روونیده‌كاته‌وه‌و له‌ نووسینه‌كه‌یدا هاتووه‌، "بوونی رووبەرێکی زۆری بیابان یان زەوی وشک بەهۆی کەمبارانی یان وشکەساڵی، پاشان دروستبوونی بایەکی بەهێز، بەزۆری لە دەریاوە سەرچاوە ده‌گرێت، یان بەهۆی جیاوازی پەستانی هەوا هەڵدەکات بە ئاراستەی ئەو بیابانانە، دوای تێپەڕبوون بەسەریانه‌وه‌ سەرەتا بە هێواشی دەست پێدەکات و بەتێپەڕبوونی چەند خولەکێک گوڕ و هێز پەیدا دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هاوشێوه‌ی دیوارێک لە خۆڵ و تۆز و زیخ، دوای چەند کاتژمێرێک قەبارەکەی بە چەند ملیار تەن هەژمار دەکرێت و بەسەر چەندین وڵات و شار و ناوچە تێده‌په‌ڕێت و ده‌بارێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌م زه‌ویناسه‌، خۆڵبارین چەندین دەرئەنجامی خراپی لەسەر ژینگە، خاک، ئاو وهەوا، تەندروستی، بازرگانی، گواستنەوە و چەندین بواری دیكه‌ دەبێ، وه‌ك:

یه‌كه‌م: دەبێتە هۆی ناڕوونی لەژینگەی ئەو ناوچانەی تێیدا خۆڵبارین روودەدات و لەدەستدانی چینە بە پیتەکەی رووی سەرەوەی خاک لەوناوچانە بەهۆی گواستنەوە دەنكۆڵەی زیخ و کانزایی جۆراوجۆر کە زیانبەخشن بۆ خاک.

دووه‌م: دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا کە چەندین کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ دروست دەکات، وەک هەناسە تەنگی، هەوکردن و کێشەی سییەکان، ووشکبونەوەی چاوەکان، دروستكردنی كێشه‌ بۆ لوت و لە کۆتایشدا هەندێک جار دەبێتە هۆی دروستكردنی شێرپەنجەی سییەکان.

سێیه‌م: لەپاڵ ئەوەی لە چەندین شوێندا روویداوە کە نەخۆشی و ڤایرۆسەکانیش لەگەڵ خۆی دەگوازێتەوە، بۆیە پێویستە تا دەکرێت لەکاتی خۆڵبارین روو له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌كه‌ین یاخوود ماسک ببەسترێت.

چواره‌م: خۆڵبارین دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەوزایی ئەو ناوچانەی کە ساڵانە بەڕێژەیەکی زۆر تیایاندا دروست ده‌بێت، چونکە گەشەی رووەکەکان دوا دەخات و هەندێکجاریش ووشکیان دەکات.

پێنجه‌م: ده‌بێته‌ هۆی وەستاندنی گەشتەئاسمانی، وشکانی،  وەستاندنی جوڵەی ئابووری، گەشتیاری و دروستبوونی رووداوی نەخوازراو.

شه‌شه‌م: دەنکۆڵە زیخەکان دەبنە هۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی ئەو ناوچانەی بە چڕی تیایاندا روودەدات.

حه‌وته‌م: دەبێتە هۆی لەناوچوونی چەندین جۆر زیندەوەر بە سوودبەخش و زیانبەخشەكانیش.

هه‌روه‌ها ئه‌م زه‌ویناسه‌ ده‌شڵێت: "خۆڵبارین لەگەڵ ئەو زیانە زۆرانەی کە هەیەتی، چەند سوودێکیشی هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ زیانەکانی ناکرێ خۆشحاڵبین بە بارینی، یه‌ك له‌و سودانه‌ش بریتیە لە دابەزاندنی پلەی گەرمی، هەروەها ئەگەر خۆڵبارینەکە پۆتاسیۆم و فۆسفۆری و توخمە سودبەخشەکانیتری لەگەڵبێ زەوی بەپیتتر دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌ی ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ گوتیشی: "چارەسەرەکانی دیارده‌ی خۆڵبارین زۆر کەمن و گرنگترین و سەرەکیترین چارەسەر سەوزپۆشکردنی تەواوی ئەو ناوچانەن کە سەرچاوەی خۆڵبارینەکانن" یاخود سەوزپۆشکردنی ئەو شوێنانەی کە ئاراستەی خۆڵبارین بۆ ناو وڵاتێک یان شارێک بە چڕییەکی زۆر ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بکات لە گەیشتنی خۆڵبارین بۆ شارەکان".

له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌ی له‌باره‌ی دیارده‌ی خۆڵباریندا، ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، "پێشتر چەندین بۆچوون هەبوون لەسەر چارەسەری خۆڵبارین، بەتایبەت باس له‌وه‌ ده‌كرێت حوکمەتەکانی پێشوو رۆنی رەشیان لەسەر رووی بیابانەکان به‌كارهێناوه‌، بۆ رێگری لە سەرهەڵدانی خۆڵبارین، بەڵام ئەمە رێگایەکی تەواو نا زانستی و هەڵەیە و چەندین ئەنجامی ترسناکی لێ دەکەوێتەوە گرنگترینیان ژەهراویکردنی  زەوی و ئاوی ژێرزەوی ئەو ناوچانە.

له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دروستبوونی دیارده‌ی خۆڵبارین ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ زیاتر روونیكرده‌وه‌ و گوتی: "کاتێک بایەکی بەهێز یان بای شەماڵ لە دەریای ناوەڕاستەوە به‌ ئاراستەی باکووری رۆژئاوای سووریا و عێراقەوە به‌ره‌و ئاراستەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات بۆ عێراق و کوردستان هه‌ڵده‌كات، بڕێکی زۆر لە خۆڵ و تۆز و زیخ لە ناوچە بیابانیەکانی باشوری رۆژهەڵاتی سووریا کە ناوچەکانی دێرزوور و رەقە و دیمەشق و حمس دەگرێتەوە، هەروەها ناوچە بیابانیەکانی رۆژئاوای عێراق کە ناوچە بیابانیەکانی شاری موسڵ و روومادی (ئەنبار) دەگرێتەوە، لەگەڵ خۆی هەڵ دەگرێت و بەرزی دەکاتەوە بە بەرزی چەند کیلۆمەترێک و بۆ ناوچەکانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یگوازێته‌وه‌، ئەم شەپۆلانەی کە لەسووریا و رۆژئاوای عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە بەهێزترن یاخوود چڕترن بەهۆی نزیکی لەسەرچاوەکە.