گرێبەستی کڕینی تویتەر بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵپەسێردرا

بەهۆی زۆری رێژەی "هەژماری ساختە"ـەوە
ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، ئیلۆن ماسک لە تویتەر رایگەیاند، تا نەسەلمێنرێت کە هەژمارە سپامەکان (ساختەکان) بە نزیکەیی لە سەدا پینجی کۆی گشتی هەژمارەکانی تویتەر پێکدەهێنن، بۆیە ناتوانرێت گرێبەستی کڕینی کۆمپانیاکە کە بڕەکەی 44 ملیار دۆلارە، ئەنجامبدرێت.

ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە کە رەنگە ڕێژەی سپام و هەژماری ساختە زۆر زیاتر بێت لەوەی کە تویتەر بانگەشەی بۆ کردووە.

ماسک راشیگەیاند، گومانی هەیە ڕێژەی سپام و هەژمارە ساختەکان لەسەدا 20ـی کۆی گشتیی بەکارهێنەران پێکبهێنێت و گوتی: "داواکارییەکەم لەسەر بنەمای وردی تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی دراو و ئاڵوگۆڕی ئەمریکی (SEC)ی تویتەر بووە. دوێنێ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر بە تەواوی رەتیکردەوە لەم بارەیەوە بەڵگە پیشان بدات. بۆیە لەم بارودۆخەدا گرێبەستەکە ناتوانێت ئەنجام بدرێت".

لەلایەکی دیکەوە تویتەر ئاماژە بەوە کردووە کە کۆمپانیاکە پابەند بووە بە تەواوکردنی مامەڵەی فرۆشتن بە زووترین کات بەو نرخ و مەرجانەی کە لەسەری رێککەوتوون.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر ئاگراوال بەرگری لە توانای کۆمپانیاکەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپام.

پاراگ ئاگراوال بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر بەرگری لە توانای کۆمپانیاکەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپام دوای ئەوەی ماسک رایگەیاند کە بەهۆی نیگەرانی لە ژمارەی هەژمارە سپامەکان، گرێبەستی کڕینی ٤٤ ملیار دۆلاری بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە.

ئاگراوال ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن هەژماری سپام رادەگرن، ئاماژەی بەوەدا کە هەفتانە ملیۆنان هەژماری سپامیش قفڵ دەکەن کە گومانی سپامیان لێدەکرێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا، ماسک لە 13ی ئایاردا رایانگەیاند کە گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەر کە بڕەکەی نزیکەی 44 ملیار دۆلارە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە.

لە بەیاننامەیەکدا كە لە 25ی نیسان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكرابووەوە، ئاماژە بەوەكرابوو، رێككەوتن كراوە بۆ فرۆشتنی كۆمپانیاكە بە ماسك بە بڕی 54،2 دۆلار بۆ هەر پشكێك.

aa