لوبنان.. حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست دەدەن

12 کەس لە کاندیدە براوەکان ڕووخساری نوێن و پێشتر پۆستی سیاسییان نەبووە
هەڵبژاردنی لوبنان
هەڵبژاردنی لوبنان

K24 - هەولێر:

بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان چانسی بوونە زۆرینەیان لەدەست دا.

ئەو ئەنجامانەی کە وەزیری ناوخۆ، بەسام مەولەوی رایگەیاند، باس لەوە دەکەن، حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکەی (بزوتنەوەی هیوا) بەکۆی گشتی 27 کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە و هاوپەیمانەکانی دیکەیان، لەناویاندا بزوتنەوەی رەوتی (التيار الوطني الحر) بە سەرۆکایەتی میشال عەون، سەرۆکی لوبنان ژمارەیەکی زۆر کورسی پەرلەمانی لەدەستداوە.

حیزبوڵڵا بە پشتیوانی دیمەشق و تاران کاریگەرترین هێزی سیاسیی ئەو وڵاتە بوون، بە تایبەت لەکاتێکدا، تاکە لایەنی نافەرمییە کە خاوەنی جبەخانەی چەکە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە کۆی 128 کورسی پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، 70 کورسییان لەدەستابوو.  

هێشتا دیار نییە حیزبوڵا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی چەند کورسی بەدەست دەهێنن، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامەکان، ناتوانن 65 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.

12 کەس لە کاندیدە براوەکان ڕووخساری نوێن و هەرگیز هیچ پۆستێکی سیاسییان نەبووە، بەڵام لە ماوەی ئەو "شۆڕشە"ـەی کە لە ئۆکتۆبەری 2019 دەستی پێکرد و چەند مانگێکی خایاند، بەشداریان کرد و چالاک بوون.

سەرچاوە: AFP