لە سلێمانی خاوەن رێستورانتێک بریندار کرا
K24 – سلێمانی:
لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تەقە لە خاوەن رێستورانتێک کرا و بریندار کرا.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو کەسێک لەسەر ماتۆرسکیلەکەی لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی تەقەی لە خاوەنی رێستورانتێک کرد و برینداری کرد".
گوتیشی: "بریندارەکە بۆ چارەسەر گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شار و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ کراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی کوردستان24 لە سلێمانی، ئەو کەسە ویستویەتی خاوەن رێستورانتەکە بکوژێت، بەڵام هۆکارەکە نەزانراوە.
ئەوەش زانراوە، ئەو خاوەن رێستورانتە خەڵکی باکووری کوردستانە و لە سلێمانی کاری کردووە، دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.