ئێران و سعوودیە لە عێراق هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن

وەزیرانی دەرەوەی تاران و ریاز لە بەغدا کۆدەبنەوە
ئاڵای سعوودیە و ئێران
ئاڵای سعوودیە و ئێران

K24 - هەولێر

بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە بەغدا کۆببنەوە.

جەواد کەریمی قودوسی، پەرلەمانتاری ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارە حوسێن ئەمیر عەبدولاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆبنەوە.

قودوسی بێ ئەوەی وادەی دیاریکراوی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی هەواڵی فارسی راگەیاندووە "بەمنزیکانە لە چوارچێوەی پرۆسەی دانووستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز، عەبدولاهیان و بن فەرحان لە بەغدا دیداریان دەبێت و پرسی کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکانیان و پرسە هەرێمییەکان و قەیرانی یەمەن تاوتوێ دەکەن".

سەرەتای کۆبوونەوە دیپلۆماتییەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز دەگەڕێتەوە بۆ نیسانی 2021، کە حکومەتی عێراق نێوەندەگیری دەکات، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ ئاسایی بکاتەوە.