لە زاخۆ حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەیە

گومانلێکراو خاوەن مەڕ و ماڵاتە
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ - ئەرشیف
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ - ئەرشیف

K24 - زاخۆ

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کەسێک بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون خراوەتە ژێر چاودێری پزیشکی و پشکنینی بۆ کراوە و رەوانەی دهۆک کراوە.

د. شاکر عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کەسەی گومان دەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون ببێت، خەڵکی گوندێکی دەوروبەری شنگالە، لەوێوە رەوانەی زاخۆ کراوە، دوای گرتنەبەری چەند رێوشوێنێک لە زاخۆوە رەوانەی دهۆک کرا و پشکنینکەشی رەوانەی تاقیگەی ناوەندی بەغدا کراوە".

روونیکردەوە: "دوای ئەوەی زانیمان ئەو کەسە خاوەن مەڕ و ماڵاتە و چەند نیشانەیەکی تێدا هەبوو بەپەلە لە نەخۆشخانەی زاخۆ خەوێندرا و گومانمان لێی هەبوو کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بەڵام تا ئەنجامی پشکنینی لە بەغدا نەگەڕێتەوە ناتوانین بڵێین تووشبووە".

تائێستا تەنها یەک حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە لە شاری هەولێرە، پشکنین بۆ چەند گومانلێکراوێکیش کراوە.