گەشبینییەکان بە گەشانەوەی خواستی چین نرخی نەوتی بەرزکردەوە

نەوتی عەمبارکراو و بەنزینی ئەمەریکا دابەزیوە

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بە پاڵپشتی گەشبینییەکانی گەشانەوەی خواست لە چین بەرزبووەوە.

لەگەڵ ئاسانکاری لە سەپاندنی رێوشوێنەکانی کۆرۆنا لە چین، وەبەرهێنەران گەشبینن بەوەی جارێکی دیکە خواستی نەوتی وڵاتەکە زیادبکات، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی %1 بۆ 112.08 دۆلار بەرزبووەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 1.4% بۆ 113.02 دۆلار بەرزبووە.

دوای زیاتر لە شەش هەفتە بڕیاری داخستنی گشتی لەسەر شانگهای هەڵگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ سێیەم رۆژی لەسەر یەک هیچ تووشبووێکی نوێ لە شارەکە تۆمار نەکرا.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی داتاکانی پەیمانگەی پێترۆلی ئەمەریکا، نەوتی عەمبارکراو و بەنزینی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوودا دابەزیوە.