وەزیری تەندروستی: تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر رەوانەی ماڵەوە کرایەوە
K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد: "ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و رێکاری پێویست رەوانەی ماڵەوە کرایەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی دانیشتووی شنگال لە شاری زاخۆ بە سەرەتایی دەستنیشانکراوە و رەوانەی شاری دهۆک کراوە، بەهۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تائێستا و تا رادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە".
وەزیری تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەشکردووە: "نەخۆشیەکی نوێ نییە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە، دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت، بەهۆی زۆری رێژەی پەککەوتن و مردن لەنێو تووشبوواندا. بۆ کۆنتڕۆڵکردن و رێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری دەست پێکردووە، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "رێژە و ژمارەی تووشبووان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حاڵەتەکان (surveillance رصد الوبائي) لەلایەن تیمەکانی تەندروستی کە بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت و رۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان دەدۆزرێنەوە و نموونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی رادەگەیەنرێت".