لە شارێکی ئەڵمانیا پشیلەکان لە ماڵەوە زیندانی دەکرێن

لەپێناو پاراستنی نێچیرێکی ئاسانی پشیلەکان
پشیلەی ماڵی، فۆتۆ: هەژان هادی
پشیلەی ماڵی، فۆتۆ: هەژان هادی

K24 - هەولێر:

دەسەڵاتدارانی شارۆچکەی واڵدۆرف بڕیاریاندا پشیلە ماڵییەکان دەبێت لە ژوورەوە بمێننەوە هەتا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، ئەمەش لەپێناو پاراستنی باڵندەیەکی دەگمەن کە لەم وەرزەدا زاوزێ دەکات.

بەرپرسانی شارۆچکەی واڵدۆرف، بەمەبەستی پاراستنی باڵندەیەك لەجۆری "کرێست لارک"، ئەو کەسانەیان ئاگادار کردەوە ماڵەکانیاندا پشیلە بەخێو دەکەن، تا کۆتایی ئاب پشیلەکانیان لە ماڵ نەهێنە دەرەوە.

ئەمجۆرە باڵندانە هێلانەکانیان لەسەر زەوی دادەنێن، ئەمەش دەیانکاتە نێچیرێکی ئاسانی پشیلەکان.  

بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە ژمارەی باڵندەکان لە رۆژئاوای ئەوروپا لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا بەشێوەی بەرچاو کەمی کردووە.