زیلینسكی: دڵنیام دیکتاتۆر دەیدۆڕێنێت

"لە فیلمی دیکتاتۆری چارلی چاپڵن لە کاتی خۆیدا دیکتاتۆر نەکوژرا"
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا

K24- هه‌ولێر:

سەرۆكی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی لە 75هەمین فێستیڤاڵی کان بۆ فیلم زاراوەی "دیکتاتۆر"ـی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەکار هێنا.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵی كانی سینه‌مایی کرد و نزیکەی 10 خولەک قسەی کرد.

زیلینسكی ئاماژەی بە فیلمی "دیکتاتۆر"ـی چارلی چاپڵن لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا كرد، کە لە 1940 بەرهەم هاتووە و گوتی: "لە فیلمی "دیکتاتۆر"ـی چارلی چاپڵن لە کاتی خۆیدا "دیکتاتۆر" نەکوژرا، بەڵام بەهۆی ئەو فیلمەوە بێدەنگی سینەما شکا، سینەما دەستی بە قسە کرد و بووە زایەڵەی سەرکەوتن بۆ داهاتوو.

زیلینسكی گوتی: "دەکرا بیر لەوە بکەینەوە له‌ کارەساتەکانی جەنگ بەردەوام نەبین، بەڵام هاوشێوەی ئەو کات ئێستاش "دیکتاتۆر"ێک هەیە".

سه‌رۆكی ئۆكرانیا گوتیشی: "دڵنیام دیکتاتۆر دەیدۆڕێنێت، بۆئەوەی بیسەلمێنین سینەما بێدەنگ نییە پێویستیمان بە چارلی چاپڵن-ێکی دیکە هەیە".