هەولێر.. کۆڕبەندێکی تایبەت بە شێرپەنجە بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی ئایاری 2022، کۆڕبەندی توێژینەوەی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی گرێ (ئۆنکۆلۆژی) لە شاری هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندەکە لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆی تیشک و وەزارەتی تەندروستیـیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
رێکخەری کۆڕبەندەکە، د. کارزان موحسین، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: "کۆنفرانسەکە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی ساڵانایە و تایبەتە بە توێژینەوەکانی شێرپەنجە، لە وڵاتانی سوید، پۆڵەندا و بەریتانیاوە میوانداری پسپۆڕان و شارەزایانی بواری نەخۆشییەکانی شێرپەنجەمان کردووە".
د. کارزان گوتیشی: "ئامانج لەم لێکۆڵینەوەیە، دروستکردنی پردێکە لە نێوان تاقیگە و توێژینەوەکان، لەگەڵ کلینیک و سەنتەرەکانی چارەسەری نەخۆشی شیرپەنجە، کە سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانن".
کۆڕبەندەکە بە بەشداری 500 کەسی ئەکادیمی و 20 میوانی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک میوانی تایبەت لە (erbil international hotel) بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، گرنگترین کاری کۆڕبەندەکە بەستنەوەی خوێندنی باڵا و کەرتی تەندروستییە، وێڕای ناساندنی نوێترین توێژینەوە و شێوازی چارەسەرەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.