یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە زاخۆ تۆمارکرا

گومانلێکراو خاوەن مەڕ و ماڵاتە
قەزای زاخۆ
قەزای زاخۆ

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کەسێک بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون خرایە ژێر چاودێری پزیشکی و پشکنینی بۆ کرا و رەوانەی دهۆک کرا، لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوت تووشی تای خوێنبەربوون بووە.

بەیانی ئەمڕۆ، د. شاکر عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "ئەو کەسەی گومان دەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون ببێت، خەڵکی گوندێکی دەوروبەری شنگالە، لەوێوە رەوانەی زاخۆ کراوە، دوای گرتنەبەری چەند رێوشوێنێک لە زاخۆوە رەوانەی دهۆک کرا و پشکنینکەشی رەوانەی تاقیگەی ناوەندی بەغدا کراوە".

روونیکردەوە: "دوای ئەوەی زانیمان ئەو کەسە خاوەن مەڕ و ماڵاتە و چەند نیشانەیەکی تێدا هەبوو بەپەلە لە نەخۆشخانەی زاخۆ خەوێندرا و گومانمان لێی هەبوو کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بەڵام تا ئەنجامی پشکنینی لە بەغدا نەگەڕێتەوە ناتوانین بڵێین تووشبووە".

ئەمە دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە یەکەمیان لە شاری هەولێر بوو، پشکنین بۆ چەند گومانلێکراوێکیش کراوە.