شه‌پۆلێكی چڕی خۆڵبارین به‌ڕێوه‌یه‌

هۆشداری ده‌درێته‌ هاووڵاتیان و پله‌كانی گه‌رماش به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو داده‌به‌زن  
خۆڵبارین له‌ هه‌ولێر
خۆڵبارین له‌ هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

پێشبینی ده‌كرێت رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو شه‌پۆلێكی دیكه‌ی خۆڵبارین ده‌ستپێ بكات و سه‌ره‌تا له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌ڵده‌كات و بۆ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ یان شه‌وه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوا و باكووری رۆژئاوای عێراق (رۆژئاوای هه‌رێمی كوردستان).

سادق عه‌تییه‌، كه‌شناسی پێشكه‌وتووی عێراقی له‌ پۆستێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: دوای گه‌یشتنی ئه‌و شه‌پۆله‌ خۆڵبارینه‌ بۆ عێراق، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات به‌شێوه‌یه‌كی پله‌دار هه‌موو شاره‌كانی وڵات ده‌گرێته‌وه‌.

وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، تا ئێستا پێشبینیه‌كان وان كه‌ خۆڵبارینه‌كه‌ چڕ ده‌بێت و بۆ شه‌وی شه‌ممه‌ و رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ ته‌واوی شاره‌كان ده‌گرێته‌وه‌.  

هه‌روه‌ها گوتی: به‌هۆی هه‌ڵكردنی بایه‌كی سارد پله‌كانی گه‌رما روو له‌ دابه‌زین ده‌كه‌ن و له‌ ماوه‌ی نێوان شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن بۆ 8 پله‌ی سه‌دی داده‌به‌زن.

به‌گوته‌ی عه‌تییه‌، زۆرترین رێژه‌ی چڕی خۆڵبارینه‌كه‌ له‌ شاره‌كانی فوراتی ناوه‌ڕاست و باشووری خۆرئاوای عێراق ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ شه‌پۆله‌كه‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ نه‌گرێته‌وه‌.

كه‌شناسه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی عێراق هاووڵاتییان له‌ مه‌ترسییه‌كانی شه‌پۆله‌كه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م رێنماییانه‌ی به‌شی پێشبینی كه‌شوهه‌وا له‌ ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق بۆ هاووڵاتیان ده‌خاته‌ڕوو:

- گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ و وه‌ستاندنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان به‌گوێره‌ی دۆخی كه‌شوهه‌وا ده‌بێت.

- پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی ره‌بوو و هه‌ستیارییان هه‌یه‌، ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌یان هه‌بێت.

- ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت، نابێت هاووڵاتییان له‌ ماڵه‌كانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

H.B