ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ هاته ده‌نگ
دوای ئه‌وه‌ی میدیایه‌كانی عه‌ره‌بی عێراقی رایانگه‌یاند ئه‌حمه‌د سه‌رتیپی یاریزانی كوردی ئۆڵمپی عێراق به‌هۆی لێسه‌ندنه‌وه‌ی درێسی ژماره 10 توڕه‌بووه و له هه‌ڵبژارده‌كه دوورخراوه‌ته‌وه، دواجار ئه‌و یاریزانه كورده هاته ده‌نگ و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه دوورخرانه‌وه‌ی له هه‌ڵبژارده‌كه په‌یوه‌ندی به درێسی ژماره 10 نه‌بووه، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندی به‌و دژایه‌تییه‌وه هه‌یه كه له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری ئۆڵمپی عێراق به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، ده‌شڵێت: به‌ڵگه‌م لایه كه هه‌وڵ بۆ دروستكردنی تۆمه‌ت و ناوزڕاندنی من ده‌درێت.
ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ له چاوپێكه‌وتنێكی میدیایی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ستۆدیۆ جه‌ماهیری عێراقی چیرۆكی رووداوه‌كانی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی گێرایه‌وه و گوتی: ژماره 10 بۆ من گرینگ نییه، من ته‌نیا چوومه لای مه‌هدی كه‌ریم پرسیارم كرد و ویستم هۆكاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی ژماره‌كه بزانم، ئه‌ویش هۆكاره‌كه‌ی بۆ غانم عریبی سه‌رپه‌رشتیار گه‌ڕانده‌وه، دواتر غانم عریبی داوای كۆبوونه‌وه‌ی له سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان كرد و هاته لای من و گوتی ئه‌وه بۆ جلوبه‌رگت له‌به‌رنه‌كردووه، منیش پێم گوت ژماره‌كه‌تان له من وه‌رگرتووه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ سه‌ره‌تا له یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی به یاریكردن كردووه، له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی گوتیشی: غانم عریبی پێی گوتم له‌سه‌ر چی پێوه‌رێك تۆ ژماره 10ـه‌ت ده‌وێت، چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به تۆ نییه و ئێمه دیاریی ده‌كه‌ین كه كام ژماره ده‌پۆشی، منیش وه‌ڵامم دایه‌وه و پێم گوت كێشه‌م له‌گه‌ڵ هیچ ژماره‌یه‌ك نییه، به‌ڵام له دوایین یاریی ئۆڵمپی عێراق ئه‌م ژماره‌یه لای من بووه و ویستم هۆكاره‌كه‌ی بزانم.
ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ یاریزانی ئێستای یانه‌ی زه‌ورا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه كاپتن غانم له‌به‌رده‌م هه‌موو یاریزانه‌كان گوتی: تۆ رێزم لێ ناگری، منیش پێم گوت من كوڕی خێزانێكی به‌رێزم و رێزم لێ گرتووی، دواتر غانم عرێبی هاته لام و گوتی جلوبه‌رگه‌كانت ببه و تیپه‌كه به‌جێبهێڵه.
ئه‌حمه‌د سه‌رتیپی 22 ساڵان له دوایین یاریی خۆی له خولی نایابی عێراق به درێسی زه‌ورا گۆڵی له یانه‌ی زاخۆ كرد، ده‌شڵێت: به‌ڵگه‌م لایه كه غانم په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له رۆژنامه‌نووسه‌كان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له سایته‌كان قسه له دژی من بكه‌ن و تۆمه‌تی ڕه‌وشت و زۆر شتی تر بده‌نه پاڵ من، دواجار زۆر شتیان بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی من بڵاوكرده‌وه، كه‌چی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و هیچ كه‌سێك لێپرسینه‌وه‌ی له‌و سایت و رۆژنامه‌نووسه نه‌كرد.
به‌شێك له میدیایه‌كانی عه‌ره‌بی عێراقی به مه‌حاڵی ده‌زانن كه میرۆسلاڤ سوكوبی راهێنه‌ری چیكی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق رازیبێت له‌سه‌ر دوورخرانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره كورده، چونكه ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ یه‌كێك له باشترین بژارده و كارته‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و راهێنه‌ره‌یه كه پشتی پێ ده‌به‌ستێت له پاڵه‌وانێتی ئاسیای خوار 23 ساڵ كه له هاوینی ئه‌مساڵ له وڵاتی ئۆزبه‌كیستان به‌ڕێوه ده‌چێت كه تێیدا عێراق له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م هاوشانی هه‌ڵبژارده‌كانی ئۆڵمپی ئوسترالیا، ئوردن و كوێت یاری ده‌كات.