ھەرێمی کوردستان نابێته‌ شوێنی بره‌ودانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە

"حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ھەنگاوێکی گەورەی ھاویشتووە"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بە قەرارکردنی زیاتری ئازادییەکانی مافی مرۆڤ، پلانێکی ھەرێمی داڕشتووە کە چەند ساڵێکە کاری پێدەکرێت لە 27 تەوەر پێکدێت، یەکێکیان بازرگانیکردنە بە مرۆڤ و بریتییە لە 13 راسپاردەی نێودەوڵەتی.

جگە لە جێبەجێکردنی یاساییەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رێکخراوە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی داڕشتنی نەخشە رێگایەکە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەبێنە شوێنێک بۆ گەشەسەندنی ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤ و جەستەی مرۆڤەوە دەکەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ زەیتۆ محه‌مه‌د،  نوێنەری یونامی لە ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ھەنگاوێکی گەورەی ھاویشتووە لە باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ و یونامیش لەم پڕۆسەیە پاڵپشت و ھاوکار دەبێت.