ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داغی خه‌یاڵ و ره‌نگه‌كان له تابلۆ و ده‌قی شیعریدا ئاوێته‌ی یه‌ك ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر، ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داغی پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاریی له شاری هه‌ولێر كرده‌وه و له تابلۆكانیدا نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان تێكه‌ڵ به ره‌نگ و هونه‌ر ده‌كات و له رێگه‌یانه‌وه سه‌رگوزشته‌كانی ژیان ده‌گێڕێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند نه‌ك ته‌نها له ڕێگه‌ی تابلۆكانییه‌وه گوزارشت له سه‌روسه‌ربرده‌كان ده‌كات، به‌ڵكو تێهه‌ڵكێشییه‌كی له نێوان تابلۆكان له‌لایه‌ك و ده‌ق و تێكستی ئه‌ده‌بی له قاڵبی شیعریدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه دروستكردووه و بۆ به‌شێك له تابلۆكانی، به كۆپڵه شیعر پاڵپشتییان ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت: "مرۆڤی خاوه‌ن ئه‌ندێشه پێویستیی به ئامرازێكی ده‌ربڕینه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی له‌ناخیدا په‌نگی خواردووه‌ته‌وه، له رێگه‌یه‌وه هه‌ڵیڕێژیت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌گه‌ر وشه‌ش نه‌توانێت فریای مرۆڤ بكه‌وێت، ده‌كرێت له ڕێگه‌ی ره‌نگه‌كانه‌وه گوزارشت له‌و هه‌ستانه بكات"، وه‌ك گوتیشی: "من كێشه‌م له‌گه‌ڵ هیچ كامێك له‌و دوو ئامرازانه نییه، چونكه له‌و شوێنه‌ی ناتوانم به وشه ده‌ریببڕم، په‌نا بۆ ره‌نگ ده‌به‌م و له‌و شوێنه‌ش كه ئه‌ندێشه‌ی ره‌نگ به‌سه‌ر ده‌ربڕیندا زاڵ ده‌بێت، روو له ره‌نگه‌كان ده‌كه‌م".
ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داغی گوتیشی: به‌هۆی نه‌بوونی شوێن بۆ كردنه‌وه‌ی پێشانگه، زۆرێك له تابلۆكانی فه‌وتاون و داواش له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، یاسایێكی تایبه‌ت به بواری كولتوور و هونه‌ر ده‌ربكات.
H.B